لیستی كلدان و ئاشووری: خوازیارین لە سەرۆكایەتیی حكوومەت پۆستمان پێ بدرێت

لیستی كلدان و ئاشووری: خوازیارین لە سەرۆكایەتیی حكوومەت پۆستمان پێ بدرێت
سەرۆكی لیستی كلدان و ئاشووری دەڵێ، لە پەرلەمان پۆستی باڵا بە برایانی توركمان درا، ئێمەیش دەخوازین لە سەرۆكایەتیی حكوومەت پۆستمان پێ بدرێت.

ڕۆمیۆ هەكاری، سەرۆكی لیستی كلدان و ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گفتوگۆكان وابوون كە پێكهاتەی توركمان و پێكهاتەی كلد و ئاشوورییەكان، یەكێكیان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەوی دیكەیان لە سەرۆكایەتیی حكوومەت پۆستی باڵایان پێ بدرێت، لە پەرلەمانی كوردستانیش پۆستی باڵا بە برایانی توركمان درا، ئێمەیش دەخوازین لە سەرۆكایەتیی حكوومەت پۆستمان پێ بدرێت."

هەكاری ڕوونیشی كردەوە: "پارتی و یەكێتی تا ئێستا خۆیان ڕێك نەكەوتوون، كاتێك باسی جێگری دووەمی سەرۆكی حكوومەتیش دەكرا، برایانی یەكێتی ناڕازی بوون. ئێمە نامانەوێ كێشەكانی ئەم دوو حزبە قووڵتر بكەینەوە، بەڵام خۆ دەكرێ لەبری جێگری دووەمی سەرۆكی حكوومەت، ڕاوێژكاری پێكهاتەكانمان لە سەرۆكایەتیی حكوومەت لەگەڵ وەزارەتێك بدەنێ، تا ئێمەیش هەست بكەین مافمان بە تەواوی دراون."

سەرۆكی لیستی كلدان و ئاشوورییەكان ئاماژەیشی دا: "ئێمە داواكاریی خۆمانمان گەیاندووەتە پارتی و چاوەڕوانین لەگەڵ شاندی دانوستانكاری پارتی كۆ ببینەوە. دەمانەوێت لەم حكوومەتەدا زیاتر نمایندەی خۆمان بكەین و وەك كلد و ئاشووری كاریگەریمان هەبێت لەم هەرێمەدا، پارتییش ئەو حزبەیە لە دێرزەمانەوە پشتگیریی پێكهاتەكانی كردووە و دڵنیاین ئەم جارەش بەدەم داواكەمانەوە دێت و بەشداریی كارامان دەبێت لەم هەرێمەدا."

18ی ئەم مانگە، پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری كرا.

kdp-
Top