مەسرور بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی ژاپۆن دەكات
لەدیدارێکدا، کە کونسوڵی گشتی ژاپۆن لە هەولێر ئامادە بوو، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و فراوانکردنی پەیوەندییەکان و دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
مەسرور بارزانی، سوپاسی گەل و حکوومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هاوکاری و یارمەتییانەی لەماوەی رابردوودا پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کردووە.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ژاپۆن ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داھاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی لە پێشکەش کردنی هاوکارییەکان و بەشداربوون لە پەرەپێدانی ژێرخانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا.
لەبەشیکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رۆڵی کۆمپانیاکانی ژاپۆن لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان کرا و جەخت کرایەوە کە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا.
هەوڵ و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
K24
