وەزارەتی دارایی نووسراوی دووەم بۆ سێ مووچەکە دەدات بە بەغدا

 وەزارەتی دارایی نووسراوی دووەم بۆ سێ مووچەکە دەدات بە بەغدا
بۆ ناردنی سێ مووچەی ساڵی رابردوو، وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، دوومین نووسراو بۆ بەغدا دەکات. سەرچاوەیەکیش ئاشکرای دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنیان داوە پارەکە بنێرن.



سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، وەزارەتی دارایی نووسراوی دووەمی بۆ بەغدا کردووە، بۆ ئەوەی پارەی ٣ مووچەی ساڵی رابردوو رەوانە بکەن، گوتی: «لە چەند رۆژی رابردوودا، نووسراوی دووەم لە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی لە بەغدا کراوە و داوای ئەو سێ مووچەیە کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ نەیانناردووە».



پێشووتر، لە مانکی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨دا، وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردبوو، بۆ پێدانی ٩٥٢ ملیار دیناری پارەی سێ مووچەی ساڵی ٢٠١٨.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، کاتێک نووسروای یەکەم بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردرا، ئەوان رایان گەیاندبوو، دوای پەسندکردنی بودجەی ٢٠١٩ لەسەر ئە بابەتە قسە دەکەنەوە، گوتیشی: «وەزیری دارایی عێراق، بە وەزیری دارایی ھەرێمی راگەیاندبوو، پاش پەسندکردنی بودجەی ٢٠١٩، بابەتی ئەو سێ مووچەیە قسەی لەسەر دەکرێت، بۆیە لەسەر قسەی ئەوان، نووسراوی دووەممان کردووە و پێمان راگەیاندوون، ئەوا بودجەی ٢٠١٩ پەسند کرا، بۆیە دەبێ ئەو مافەی ھەرێمی کوردستان بدەنەوە کە زیاتر لە ٩٥٢ ملیار دینارە».



روونیشی کردەوە، پێویست بوو تاوەکوو کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، بەغدا ١٢ بەشە بودجەی بۆ مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکردایە، بەڵام تەنیا ٩ مانگی رەوانە کردووە.



دوای رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لە ڕۆژی ١٩ی ٣ی ٢٠١٨، یەکەم وەجبەی ٣١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن دینارەکە، لەلایەن عێراقەوە لە ڕێگەی لقی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان نێردرا.



ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، ئەگەر بەم نزیکانە ئەو بڕە پارەیە بنێردرێت، ئەوە بە لایەنی کەمەوە دوو مووچە لە مانگی ٣دا بەش دەکرێت، گوتیشی: «مووچەی ئێستا بە پاشەکەوتەوە پێویستی بە ٧٢٥ ملیار دینارە، ئەگەر ٩٥٢ ملیارەکە بێت، لەگەڵ داھاتی ناوخۆ، ئەوە دووو مووچەی پێ تەواو دەکرێت».



عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی عێراق، لە ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: مانگانە ئەو ٣١٧ ملیار دینارەی لە بەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەنێردرێت، ئێمە رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکەین، ئەگەر ٩٥٢ ملیارەکە یان ھەر بڕە پارەیەک بنێردرێت، ئەرکی ئێمە تەنیا رادەستکردنە بە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان».



ئیخڵاس سەباح دلێمی، پەرلەمانتار لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی راگەیاند، ھەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ، بۆ ئەوەی ئەو ٩٥٢ ملیار دینارە بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، گوتیشی: «پێویست بوو بەغدا ١٢ بەشە پارە لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تەنیا ٩ بەشی ناردووە، بەڵێنیشی داوە ئەوەی تریش بنێرێت».



باسنیوز
Top