پێش نەورۆز کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم پێک دێ
دوێنێ دووشەمە، دوای چەند سەعاتێک لە دواخستنی کۆبوونەوەکە، پەرلەمانی کوردستان لە کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆ بووەوە، کە تیایدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان یەکلا کرایەوە.
ڤاڵا فەرید، لە فراکسیۆنی پارتی بە ٦٤ دەنگ بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی ھەڵبژێدرا، ئەمەش لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەوە یەکەمین جارە ئافرەتێک ئەو پۆستە وەردەگرێت.
ھاوکات ھێمن ھەورامی، لە فراکسیۆنی پارتی بە ٦٨ دەنگ بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و ھەروەھا مونا قەھوەچی، کاندیدی پێکھاتەی تورکمان بە ٦٠ دەنگ بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژێردران، کە لەوەشیاندا یەکەمین جارە لە کوردستان پێکھاتەکان لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پۆستیان پێ دەدرێت.
لەنێو دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستاندا، ھێمن ھەورامی لە فراکسیۆنی پارتی رای گەیاند کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان حەقەبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەڵام لەبەر ئامادەنەبوونی پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوان وەکوو پارتی د. ڤالا فەرید بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکەن، تا ئەو کاتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی یەکلا دەکاتەوە و بڕیار دەدات کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکات، ئیدی ئەوکات پۆستەکە بۆ یەکێتی دەبێت.
پێوەند بە ھەنگاوەکانی ئایندە، سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان، رای گەیاند، کە پێش نەورۆزی ئەمساڵ کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێک دێت.
لەبارەی گەیشتنی ئافرەتێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، ژیان تاھیر دۆسکی، پەرلەمانتاری پارتی بۆ (باس) رای گەیاند: ”پارتی لە ھەموو حزبەکانی دیکە زیاتر دەرفەتی داوە بە ئافرەتان و ئەوەی مێژووی پارتی بخوێنێتەوە کە دامەزرێنەری یەکەم رێکخراوی ئافرەتانە، ئەوا دانانی ئافرەتێک بە سەرۆکی پەرلەمان و دەنگدان بە ئافرەتێک لە پێکھاتەی تورکمان، کە بە ھەمان شێوە یەکەمین جارە لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پۆستیان دەبێت، بە کارێکی ناوازە نازانێت، جگە لەوەش قۆناغی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان، کە دەیەوێ ھاوشانی وڵاتانی پێشکەوتوو بێت، کارێکی گرنگە و بەڵگەی ئەوەیە کوردستان شوێنی پێکھاتە جیاواز و رەنگە جیاوازەکانە“.
یەکێتی بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەکە نەکرد؟
لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە فراکسیۆنی یەکێتی، ھەموو فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی کوردستان بەشدارییان کرد.
لەم بارەیەوە، بەڵام ھەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی و ئازادی سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە دۆخی یەکێتی بۆ (باس) ئاشکرای کرد، بەشدارنەبوونی فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆبوونەوەکە، پەیوەندیی بە دوو ھۆکاری جەوھەرییەوە ھەبووە، یەکەمیان فشاری گرووپی ١٦ ئۆکتۆبەری یەکێتی بەسەر حزبەکەیانەوە، کە دەیانەوێ پرسی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دۆسێی کەرکووکەوە ببەستنەوە، تاوەکوو بە دانانی پارێزگارێکی یەکێتی و چالاکبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە، خۆیان لەو دۆخەی کە بەھۆی رووداوی ١٦ ئۆکتۆبەوە لە کەرکووک تێی کەوتوون، دەرباز بکەن، تاوەکوو لەمەودوا بەشێک لە بەرپرسیاریەتیی دۆخی کەرکووک بخەنە ئەستۆی لایەنەکانی دیکە، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بەپێی ژمارەی کورسی و ئەنجامی ھەلبژاردنەکان، حزبی یەکەمە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش.
دووەمیان، پەیوەندیی بە رێکنەکەوتنی ناوخۆیی نێوان باڵە ناکۆکەکانەوە ھەبووە، کە لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی نەتوانراوە لەنێوان (بێگەرد تاڵەبانی و ڕێواس فایەق) یەکێکیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان یەکلا بکەنەوە، پێشتریش لە راگەیاندراوێکدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بە واژۆکردنی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی بەستبووەوە، کە تیایدا داوای دەکرد، پرسی پێکھێنانی حکوومەت و پرسی کەرکووک و بەغدا یەک پاکێج بێت.
پێوەند بەم پرسە، ھێمن ھەورامی جیگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی بە میدیاکانی راگەیاند: “ئێمە وەکوو پارتی دۆخی کەرکووکمان بەگشتی لا گرنگە و کەرکووک پرسێکە پەیوەندە بە ھەموو خەڵکی کوردستانەوە نەک حزبێکی دیاریکراو، بەڵام یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی بەلاوە گرنگە”.
کاری لەمەودوای پەرلەمانی کوردستان چی دەبێت؟
بەپێی زانیارییەکان، کاری لەمەودوای پەرلەمانی کوردستان، یەکلاکردنەوەی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، کە سەرەتا لیژنەی یاسایی پەرلەمان و کاری ئەو لیژنەیە ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەبێت، کە بەپێی رێککەوتنی لایەنە بەشداربووەکان لە پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموارکردنەوەکە دەسەڵات بە پەرلەمانی کوردستان دەدات، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژێرێت، تاوەکوو پەسەندکردن و یەکلابوونەوەی دەستووری کوردستان بە دەنگدانی خەڵک یەکلا دەکرێتەوە. سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش، کاندیدی ھێزی براوەی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و کاندیدەکەشی بۆ ئەو پۆستە مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە، بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رادەسپێرێت”.
لەم بارەیانەوە، رێڤینگ ھروری، پەرلەمانتاری پارتی و سەرۆکی کاتی، ماوەی رابردووی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، ئەوان دەستەی سەرۆکایەتییان بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی و یاسایی رادەست بەو دەستە نوێیەی ئێستا کردووە، لەمەودوا ئەو دەستەیە کاروبارەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رێک دەخات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئەوان، کاری لەمەودوای پەرلەمانی کوردستان دیاریکردنی لیژنەی یاسایی و ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
گوتیشی: ”رێککەوتن ھەیە بە زووترین کات پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و پێکھێنانی حکوومەت یەکلا بکرێتەوە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژێردرێت و کاندیدی سەرۆکی حکوومەتیش بۆ پێکھێنانی کابینەکەی رابسپێردرێت“.
باسنیوز
