دنیا بە چاوێکی بەرز دەڕوانێتە ئاسایشی هەرێمی کوردستان
پێگەی کورد بەهێزە
کۆنگرەی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی لە ١٥ی ئەم مانگە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دەستی پێ کرد و بڕیارە تا ١٧ی مانگ بەردەوام بێت، شاندێکی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی بەشداری لە کۆنگرەکەدا کرد.
لەو بارەیەوە حەسەن قەوال ڕەشید لە میونشنی ئەڵمانیا گوتی: ''هەبوونی کورد لەم کۆنگرەیەدا زۆر گرنگە، چونکە کەم وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشدا توانیویانە بەرانبەر تیرۆر بوەستن کەچی پێشمەرگە ئوستورەی داعشی شکاند."
ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "کوردیش بە بایەخەوە دەڕواننە پێگەی هەرێمی کوردستان و پێگەشیان بەهێز بووە. لە کۆنگرەکەدا بە سەدان ئەکادیمی و پسپۆڕی سیاسی و ئەمنی و سەرکردەی وڵاتە جیاوازەکان تاوتوێی ڕەوشی ئەمنی و سیاسی و ئاشتیی وڵاتان دەکەن و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت."
گرنگیی کۆنگرەکە بۆ کورد
لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا مەسروور بارزانی لەگەڵ هەریەک لە گێر پێدەرسن، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا و چەندین بەرپرس و سەرکردەی وڵاتانی جیهان کۆ بووەوە و تاوتوێی ڕەوشی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە.
ناوبراوە لەبارەی گرنگیی کۆبوونەوەکانە گوتی: ''مەسروور بارزانی توانیویەتی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتان کۆ ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە هەلێک کە کورد بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەتوانێت سوود لە وڵاتان وەربگریت و لۆبییەکی ئاسایشی و سیاسی لە پشتەوە بێت، چونکە لە سووریا و ناوچەکە ئەم وڵاتانە باڵادەست و خاوەن بڕیارن."
کۆنگرەکە لە هۆتێلی بایرشهۆف لە ناوەندی شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچیت و چەندین جار سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەکەدا بەشداری کردووە و ئەم کۆنگرەیە لە سالێ ١٩٦٣ـوە تا ئێستا دەکرێت."
هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی وڵاتانەوە بووەتە ناوەندی ئاسایشی ناوچەکە و لە شەڕی دژی داعشیشدا توانی داعش تێک بشکێنێت.
kdp-
