دوو پەرلەمانتاری توركمان كاندیدن بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان

دوو پەرلەمانتاری توركمان كاندیدن بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان
ئەندامێكی تورکمانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند بڕیاری پێدانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ تورکمانەکان دراوە و جێگیر کراوە، ئێستەش دوو كەس بۆ ئەم پۆستەی توركمان كاندیدن.

محەمەد ئیلخانی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی ڕايگەیاند "ئەمڕۆ بڕیاری پێدانی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ تورکمانەکان دراوە و جێگیر بووە".

پەرلەمانتارە تورکمانەکە گوتی "پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە و لە کاتی دانیشتنی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، باسی پێدانی پۆستی بۆ پێکهاتەکان کردووە، ئەم بڕیارەش بۆ پێدانی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ تورکمانەکان پارتی داویەتی".

سەبارەت بە کاندیدی تورکمانەکانیش بۆ پۆستەکە، ئیلخانی ئاشکرای کرد "سەرەتا تەنیا من کاندید بووم و ڕامنەگەیاندبوو، بەڵام ئێستە مونا قەهوەچییش دەڵێ خۆی کاندید دەكات، ئێمە هەوڵ دەدەین بە یەک کاندید بچینە ناو پەرلەمانەوە، ئەگەر ئەوەش نەکرا ئەوا بە دەنگدان لە ناو پەرلەمان کاندید دیاری دەکرێ".











باسنيوز
Top