بەشارەتی: کاتی ئەوە هاتووە پارتی و لایەنەکانیتر بەبێ یەکێتی حکوومەت پێکبھێنن

بەشارەتی: کاتی ئەوە هاتووە پارتی و لایەنەکانیتر بەبێ یەکێتی حکوومەت پێکبھێنن
ئەندامێکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە، ”کاتی ئەوە هاتووە“ کە پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، ”بەبێ یەکێتی“، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن.

فازیل بەشارەتی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، ڕايگەیاند: "یەکێتی کار دەکات بۆ شکاندنی ئەو شکۆ و دەستکەوتەی کە پارتی لە ھەڵبژاردنەکاندا بەدەستی ھێناوە، چونکە یەکێتی نایەوێ ڕێز لەو شکۆیەی پارتی بگیرێت، بۆیە دەیەوێت بەردەوام یاری بە کات بکات بۆ پەکخستنی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھەق وابوو پارتی ھەر لە سەرەتاوە لەو پەکخستنەی یەکێتی تێبگەیشتایە و حکوومەتی پێکبھێنایە".

بەشارەتی پێیوایە، ”کاتی ئەوە ھاتووە، ھەموو حزبەکان حکوومەتی ئایندە پێکبھێنن، چونکە ھەموو خەڵکی کوردستان، چاوەڕێی پێکھێنانی حکوومەت دەکات، دواجار حکوومەت حکوومەتی خەڵکە و ناکرێت لایەنێکی سیاسی لەبەر بەرژەوەندیی خۆی یاری بە کات و بە شکۆی خەڵک و دامەزراندنی حکوومەتەوە بکات“.

هیوای ئەوەشی خواست کە پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان حکوومەت پێک بهێنێت و گوتی: ”ئەمە بەو مەبەستەیە کە یەکێتی قەبارە و قورسایی خۆی تێبگات و ئەوەندە غرووری سیاسی نەیگرێت".

ئەندامەکەی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی نەیشاردەوە کە حزبەکەی زۆرجار ”لە پیناو پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، ھەقی خۆی داوە بە لایەنە سیاسییەکانی دیکە“. لە بەرامبەریشدا ”یەکێتی ھەرگیز نەیویستووە نێوماڵی کورد یەک بێت، بێگومان کاتێک یەکێتی ئەوەی نەوێت، ئیتر نابێت نازومەکری یەکێتی ھەڵبگیرێت، چونکە پێکھێنانی حکوومەت و خواستی خەڵکی کوردستان، زۆر گرنگترە لە خواستی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە".

ئەم قسانەی بەشارەتی دوای ئەوە دێت کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی راگەیاندراوێکیدا ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠١٩، مەرجی ئەوەی بۆ کۆبوونەوەکەی ١٨ی ٢ی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستان دانا کە دەبێت پارتی پێش کۆبوونەوەکە، ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتی واژۆ بکات.









باسنيوز
Top