ڕاگەیێندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی و یەكێتی لە كاتێكدا لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنەوە، بۆ دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام و سەرلەنوێ پێكهێنانەوەی عێراقێكی فیدڕاڵ، لە ڕاپەڕاندنی ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان كەمتەرخەمیمان نەكردووە و قوربانییەكی بێشومارمان لەم پێناوەیشدا داوە. تا گەییشتینە ڕادەی ئەنفال و كیمیابارانكردنی كوردستان، بەڵام مەخابن لەدوای ڕووخاندنی سەددامیش، جگە لەو كێشانەی لە عێراقدا دروست كراون و زیانی هەموو لایەنەكانی تێدایە، گەلی كوردستان دوچاری جۆرێك لە نائومێدی كرا، سەبارەت بەوەی لەڕووی ئابووری، سیاسی، یاسایی و حوكمڕانییەوە، هەر حكوومەتێك لەدوای سەددامەوە هاتبێتە سەركار، نەك لە جێبەجێكردنی دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسییەكان دەستی دەستیمان پێكراوە، بەڵكو كێشە لەدوای كێشەی چاوەڕواننەكراویشمان بۆ دروست دەكرێ. بە تایبەت لەڕووی ئابووری و حوكمڕانی و جێبەجێكردنی ماددەی سەدوچلەوە.
ئازادیخوازان..
دۆخەكە بەداخەوە لەڕۆخی دۆخی مەترسیدارە، وەكو گەلی كوردستان نەك هەر بەشێك نین لەم كێشە تەقیوەكانی ناو پەرلەمان و حكوومەتی عێراق، بەڵكو بێ درێخ هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیشمان داوە و دەدەین. نە كاری نابەرپرسانەمان كردووە، نە كاردانەوەی تێكدانی زیاتری دۆخەكەیشمان نواندووە. فڕاكسیۆنەكانی كوردستان لە بەغدا یەكڕیز و یەكهەڵوێست، سیاسەتی بڕیارلێدراوی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیان بە جوانی بەرجەستە كردووە. لێرەیشدا دووپاتی دەكەینەوە كە:
یەكەم: هەروەكو هێزە سیاسییەكانی كوردستان بڕیارمان داوە، سەرلەنوێ دانوساندنێكی نوێ بە پێی پڕۆژەیەكی پەسەندكراوی هەموو لایەنە سیاسییەكان، كە تەواوی داخوازییەكانی ئێستامان لەخۆ دەگرێ، بۆ یەكجاری چارەسەری كێشەكان، لەڕێگەی وەڤدێكی هاوبەشی لایەنە بەشدارەكانی پارلەمانی عێراق و پێكهاتەكانی كوردستان، ئامادەی هاتنە بەغداین بە زووترین كات.
دووەم: چارەسەری كێشەی ئێستای پارلەمان و حكوومەت، دیسان بەڕاگرتنی هاوسەنگی سازانی سیاسی و حكوومەتی بەتوانای ڕاستەقینەیە. سازان لەسەر بنەمای متمانە، حكوومەتیش تواناكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی هاوبەشی حوكمڕانیی هەمە لایەك بەدی بهێنێت، بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
سێیەم: توانای زیاتر دەخەینەكار، بۆ ئەوەی ناوماڵی سیاسیی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی باری بابەتیی ئێستای سیاسی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە و مافی لایەن سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستانیش بەپێی شاییستەیی هەڵبژاردن دەستەبەر دەكرێ.
چوارەم: ڕیفراندۆم مافی دیموكراسی و بێ ئەملا و ئەلای گەلی كوردستانە بێگومان یەكەمین لایەن و یەكەمین دەوڵەت، كە بە پێویستی دەزانین لەسەر مافی ڕیفراندۆم دیالۆگیان لەگەڵدا بكەین، لایەنە سیاسییەكانی عێراق و پارلەمان و حكوومەتی عێراقە.
داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین تاكە ڕێگەی بەردەم هەموو لایەكمان گفتوگۆی بەرپرسیارانەیە، نەك ڕقەبەرایەتی و تۆڵەسەندن و مەرەمخوازی. هەموو گۆڕانكارییەكیش لەڕێگەی یاسایی و شەرعییەتەوە دەبێ ئەنجام بدرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان
16ـی 4ـی 2016
