پەرلەمانتارێک: دوور نییە ئەمڕۆ متمانە لە عەبادی وەربگیرێتەوە
سیروان سیرینی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “ئێمە وەک لایەنە کوردییەکان، ڕێککەوتبووین بۆ ئەوەی لەو کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەشدار نەبین، چونکە شەڕەکە شەری سوننە و سوننە هەروەها شەڕی شیعە و شیعە لە لایەک و شەڕی شیعە و سوننەش لە لایەکی دیکەوە بوو، بەڵام هەندێک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان پابەند نەبوون و چونە کۆبوونەوەکەوە و بوونە بەشێک لە شەڕەکە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، پێشبینی دەکرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 14\4\2016، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، متمانە لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وەربگیرێتەوە. گوتیشی: “ئێمە بڕیارمان داوە، دەنگ بە لیستی دووەمی حەیدەر عەبادی بدەین”.
دوێنێ دانیشتنێکی نائاسایی لە پەرلەمانی عێراق کرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە لایەن پەرلەمانتارانی نزیک لە نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە، سووکایەتی بە شەهیدانی کوردستان کرا، شەڕە بۆکس و گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد و پەرلەمانتارانی شیعە و بەشێک لە پەرلەمانتارانی سوننە درووست بوو و دانیشتنەکە دواخرا.
باسنیوز
