توركیا ستراتیژی سه‌ربازی نوێ بۆ باكووری كوردستان داده‌نێت
به‌پێی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی حورییه‌تی توركی، له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی شاری نسێبین له بواری ئیداریه‌وه ناكۆكی له‌نێوان والی ماردین و فه‌رمانده‌ی سوپادا ده‌ركه‌تووه‌و و داوای لابردنی والی ماردین كراوه.
به‌پێی هه‌واڵه‌كه، به‌و هۆیه‌وه حكومه‌ت وه‌فدێكی بۆ لێكۆڵینه‌وه له دۆخه‌كه ناردووه‌ته شاره‌كه و بڕیار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ستراتیژێكی نوێی سه‌ربازی دراوه كه له ئۆپه‌راسیۆنانی له ناوچه و شاره‌كاندا ده‌زگاكانی هه‌واڵگری و ئه‌منی و سه‌ربازی ناوچه‌كان له‌لایه‌ن یه‌كده‌سته‌وه به‌ڕێوەببرێت و به‌رزترین پله‌ی سه‌ربازی له‌و شارانه فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان ده‌بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك والی ده‌ست له ئۆپه‌راسیۆنه‌كان وه‌رنادات.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێزه ئه‌منیه‌كان و سوپای توركیا ژماره‌یه‌كی زور كوژراو و برینداری له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی له به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه ده‌دات له شار و ناوچه‌كانی باكووری كوردستان ستراتیژیه‌كی سه‌ربازی نوێ دادەنێت و له‌مه‌ودوا ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌بری پارێزگاره‌كان له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی سه‌ربازییه‌وه بەڕێوه‌ده‌برێت.
ئه‌م ستراتیژه نوێیه له‌سه‌ر فه‌رمانی ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا بووه كه وتبووی "له‌و ناوچانه‌ی كه ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی لێ به‌رده‌وامه و ئه‌و خانوو بینایه‌ی كه به ته‌قه‌مه‌نی بۆمبڕرێژكراون و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌وه به‌كاردێن ئه‌گه‌ر پێویست بكات له دووره‌وه خانوویه‌كان بته‌قێننه‌وه". له‌و باره‌یه‌وه باس له 200 خانوو و بینا ده‌كرێت.
به‌پێی هه‌واڵه‌كه له دوای شه‌ڕی ناوچه‌ی سوور له ئامه‌د و جزیره له شرنا‌خ، په‌كه‌كه ژماره‌یه‌كی زۆر له شه‌ڕڤانانی بردووه‌ته شاری نسێبینی پارێزگای ماردین و زیانی زۆری گه‌یاندووه به‌هێزه ئه‌منیه‌كان و ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌رباز و پۆلیس و هێزی تایبه‌ت كوژراون.
رۆژنامه‌كه له‌زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منییه‌وه ئاشكرایكردووه، 700 بۆ 800 ئه‌ندامانی په‌كه‌كه و شه‌ڕڤانانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی سڤیل یه‌په‌سه له شاری نسێبین شه‌ڕ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها له شه‌ش گه‌ڕه‌كی شاری نسێبین 17 قه‌ناس به‌ده‌ست و شه‌ڕڤانان جێگیركراون ژماره‌یه‌كی زۆر له كۆڵان و شه‌قام و بینا بۆمبڕێژكراون. به‌و هۆیه‌شه‌وه ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی هێزه ئه‌منیه‌كان و سوپا به‌قورسی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كان به‌رزبووه‌ته‌وه.
به‌پێی هه‌واڵه‌كه، له 90 هه‌زار دانیشتووی شاری نسێببین 60 هه‌زار ئاواره‌بوون و 30 هه‌زاریش له شاره‌كه ماون و شه‌ڕڤانان له 200 بینای شاره‌كه بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و وه‌كو باره‌گه به‌كارده‌هێنرێت و به‌و هۆیه‌وه بڕیار دراوه ئه‌و 200 بینایه له دووره‌وه بته‌قێنرێته‌وه.
له خه‌ندان
