پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان: ئەو ناوانەی عەبادی پێشكەشی كردوون رەتدەكرێنەوە

پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان: ئەو ناوانەی عەبادی پێشكەشی كردوون رەتدەكرێنەوە
پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت كوتلە كوردستانییەكان سێ وەزارەت كەمتر قبوڵ ناكەن لەكابینە نوێیەكەی حكومەتی عێراق، ئاماژە بەوەشدەكات ئەو كاندیدە كوردانەش رەتدەكەنەوە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەڵیبژاردون.

پێنجشەممەی رابردوو حەیدەر عەبادی ناوی‌ وەزیرەكانی‌ كابینە نوێیەكەی‌ رادەستی‌ دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ عیراق كرد كە ناوی دوو كوردی تێدابوو، كە ئەوانیش لە رێگەی سی ڤیەوە ناوی خۆیان پێشكەش كردبوو.

عەرەفات ستونی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە خەندانی راگەیاند: "پێشكەشكردنی ناوی كاندیدە كوردەكان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان لە بەغدا، هەمان سەردەمی رژێمەكانی پێشوومان دێنێتەوە یاد كە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ نوێنەرانی گەلی كورد، لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە دیاریی دەكران".

ئەو دوو كەسەی كە عەبادی كاندیدی كردون بریتین لە هەریەكە لە هۆشیار رەسوڵ ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكگرتوو كە كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئاوەدانكردەوە، هەروەها د.نزار نوعمان مامۆستای زانكۆی دهۆك كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی نەوت.

لە كۆی 16 وەزارەت تەنها دوو وەزارەتەی كە بۆ كورد دیاریكراوە كە رێژەی 12.5% دەكات بۆ هەرێم، بەڵام كورد داوای 3 وەزارەت دەكات كە 18.5% دەكات.

عەرەفات كەرەم وتی "كوتلە كوردستانییەكان رازین بەوەی كە 3 وەزارەتییان پێبدرێت، چونكە ئەوە هەمان رێژەی 20%ی پشكی كورد دەكاتەوە لە پۆستەكانی حكومەتی فیدراڵ".

هەروەها پێشبینی كرد سێ وەزارەت لە حكومەتی داهاتوودا بە كورد بدرێت، بە جۆرێك وەزارەتێكیان سیادیی بێت و دوانەكەی تریش خزمەتگوزاریی بن.

پێنج شەممەی رابردوو، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لیستی ناوی ئەو وەزیرە نوێیانەی پێشكەش بەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد، تا لە دوای پەسەندكردنییان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، ئەو حكومەتە تەكنۆكراتە پێكبهێنێت كە ماوەیەكە بانگەشەی بۆ دەكات.

ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ عیراق پێشتر بە خەندانی‌ راگەیاندبوو، حەیدەر عەبادی ناوی‌ وەزیرەكانی‌ كابینە نوێیەكەی‌ رادەستی‌ دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ عیراق كردووەو لەو نێوەندەشدا ژمارەیەك لە وەزارەتەكانی‌ تیكەڵ كردووە و سەرجەمیان 16 وەزارەتن‌ و كاندیدی نوێیشی بۆ دیاریكردوون، بەڵام دەستكاری هەردوو وەزارەتی‌ بەرگری‌ و ناوخۆی‌ نەكردووە، بەو پێیەی‌ عیراق لەشەڕدایە لە دژی‌ داعش.



خەندان-
Top