ئەمەریکا ٥ ملیۆن دۆلار بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی داعش تەرخان دەکات

 	 ئەمەریکا ٥ ملیۆن دۆلار بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی داعش تەرخان دەکات
ئەمەریكا بڕی 5 ملیۆن دۆلار وەك پاداشت تەرخان دەكات لەسەر پێدانی زانیاری دەربارەی چۆنیەتی وشككردنی سەرچاوەی دارایی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش.

ئەمەریكا بڕیاری داوە، ڕێگری بكات لە سەرچاوە داراییەكانی داعش كە خۆی لە فرۆشتنی نایاسایی نەوتی خاو و بەقاچاخ بردنی ئاسەوارەكاندا دەبینێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە چوارچێوەی بەرنامەی (پاداشت لەپێناو دادپەروەری)، بڕی 5 ملیۆن دۆلاری تەرخان كردووە بۆ ئەو زانیارییانەی كە ببنە هۆی ڕێگری لە بەدەستهێنانی ئەو داهاتە لەلایەن داعشەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە دەربڕی سیاسەت و هەڵوێستی حكومەتی واشنتۆنە، داعش لەڕێی فرۆشتنی نایاسایی نەوت و بەقاچاخ بردنی ئاسەوارەكان لە عێراق و سووریا، بووە بە خاوەنی چەندین ملیۆن دۆلار و بەوەش دەست لە سەركوتی خەڵكی سڤیل و ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی ناپارێزێت.
شایانی باسە، ئەمە یەكەمجارە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕێگەی داوە سوود لە بەرنامەی پاداشت لەپێناو دادپەروەری وەربگیرێت بۆ دەستكەوتنی زانیاری لەسەر چۆنیەتی تێكدانی بازرگانیی داعش بە نەوت و ئاسەواری مێژوویی.

بەشی ئەمنییەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەركی بەڕێوەبەریی ئەو بەرنامەیەیان لەئەستۆیە و لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەو بەرنامەیە لە ساڵی 1984ەوە تائێستا، زیاتر لە 125 ملیۆن دۆلاری تەرخان كردووە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی دروست كە بەهۆیانەوە ژمارەیەكی زۆر تیرۆریست دەستگیر كراون و ڕێگریش كراوە لە ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە سەرتاسەری جیهان.
Top