وه‌زیری‌ به‌رگری‌ عیراق گه‌یشته‌ مه‌خمور

وه‌زیری‌ به‌رگری‌ عیراق گه‌یشته‌ مه‌خمور
كه‌مێك لەمەوبەر وه‌زیری‌ به‌رگری‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق گه‌یشتنه‌ سه‌ربازگه‌ی‌ سوپای‌ عیراق له‌ مه‌خمور.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌شی‌ هه‌واڵگری‌ فیرقه‌ی‌ 15ی‌ سوپای‌ مه‌خمور به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "كه‌مێك پێش ئێستا خالید عوبێدی‌، وه‌زیری‌ به‌رگری‌ عیراق و به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ سوپای‌ هاوپه‌یمانان و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق گه‌یشتنه‌ ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی‌ سوپای‌ عیراق كه‌ له‌ مه‌خمور جێگیركراوه‌".

وتیشی‌: "وابڕیاره‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كان و ئه‌فسه‌ره‌ باڵاكانی‌ سوپا كۆببێته‌وه‌ و له‌پاش ئه‌وه‌ش سه‌ردانی‌ سه‌نگه‌رەكان بكات".

ئه‌فسه‌رێكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و سوپایه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی‌ ئاشكرابكرێت به‌ خه‌ندانی‌ وت: "دوێنێ‌ له‌ گوندی‌ سه‌فینه‌وه‌ داعش به‌ هاوه‌ن بۆردوومانی‌ سه‌نگه‌ره‌كانمانی‌ كرد، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ دوو سه‌رباز برینداربوون".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: "شه‌وی رابردوو سوپای‌ هاوپه‌یمانان له‌ڕێگه‌ی تۆپهاوێژه‌كانیانه‌وه‌، بۆردوومانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعشیان‌ كرد له‌ گونده‌كانی‌ نه‌سر و ته‌لشوعێر".

هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌نێوان فیرقه‌ی‌ 15ی‌ سوپای‌ عیراق و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌ ‌سنووری‌ مه‌خمور جێگیركراون‌و راهێنان به‌ سوپای عیراق ده‌كه‌ن.

رۆژی‌ 9ی‌ شوباتی‌ 2016، یه‌كه‌م كاروانی‌ سوپای‌ عیراق گه‌یشتنه‌ میحوه‌ری‌ مه‌خمور، له‌ ئێستاشدا فیرقه‌ی‌ 15ی‌ سوپای‌ عیراق و یه‌كه‌ی‌ 71 و 72 له‌ ناوچه‌كه‌ جێگیركراون.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ خه‌ندان نزیكه‌ی‌ حه‌وت هه‌زار سه‌ربازی‌ سوپای‌ عیراق له‌ ناوچه‌كه‌دان، به‌ڵام هه‌زار و 500 سه‌رباز به‌شداری‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سوپا دژی‌ داعش له‌ سنووره‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.













خه‌ندان
Top