هەڵمەتی پاككردنەوەی دیالە دەستی پێ كرد.. چەندان گومانلێكراو دەستگیر كران
(عامر رەفعەت) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئەنجامی گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی تیرۆریستان، چەندین گومانلێكراو لە نزیك نەفتخانە و سەنتەری شاری دیالە و جەلەولا دەستگیر كراون و رادەستی هێزە ئەمنییەكان كراون، هەوڵێكی زۆریش هەیە لەلایەن تێكدەران و تیرۆریستانەوە بۆ ئەوەی رەوشی ناوچەكە ئاڵۆز بكرێت، لە هەندێك شوێنیش داوامان كردووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان زیاتر بكرێن و رۆڵی زیاتریان پێ بدرێت بۆ ئەوەی هیچ كەسێك سوود لە بۆشایی ئەمنیی شارەكە وەرنەگرێت".
(رەفعەت) گوتیشی: "جیا لە مەترسییەكانی داعش، مەترسیی حەشدی شەعبی لە ناوچەكەدا خەڵكی نیگەران كردووە، چونكە خەڵكی سڤیل لەوە دەترسن كە حەشدی شەعبی وەك كاردانەوە بەرانبەر بە سوننەكان دەستدرێژییان بكەنە سەر".
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە جەلەولا دەشڵێ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووەتە گەرەنتی بۆ پاراستنی ناوچەكە و كێڵگە نەوتییەكان.
