ئایدن مەعرووف: پەكەكە، خۆی بەسەر خەڵكی سڤیل و بێتاواندا سەپاندووە
(ئایدن مەعرووف)، راگەیاند: "ئەوەی ئێستا لە توركیادا ڕوو دەدات، قابیلی قبووڵكردن نییە و ناكرێ تەقینەوە بكرێت و هاووڵاتیی سڤیل ببنە قوربانی، لە كاتێكدا شەڕوپێكدادان لە باكووری كوردستان بەردەوامی هەیە و لەوێیش هەر هاووڵاتیانی سڤیل دەبنە قوربانی".
(مەعرووف) گوتیشی: "بیرمانە ماوەیەك پێش ئێستا (سەرۆك بارزانی) سەردانی توركیای كرد و بە ئاشكرا رایگەیاند كە، جگە لە ئاشتی، هیچ بژاردەیەكی دیكە چارەی دۆخەكە ناكات، بۆیە ئەگەر ئاشتی لە دەست چوو، ئەوانی دیكەیش لە دەست دەچن، ئەوەی (سەرۆك بارزانی) وەك مەترسی باسی كردبوو، ئەمڕۆ هاتە دی و، دەبینین چی لە باكووری كوردستان و توركیا دەگوزەرێت".
سەرۆكی لیستی بەرەی توركمانی ئاماژەیشی دا: "زۆر لەمێژە توركیا و لایەنە كوردییەكانیش باش لەوە گەییشتوون ئەوەی (سەرۆك بارزانی) باسی كردووە سەبارەت بە پرسی كورد لە توركیا، هیچ بەدیلێكی دیكەی نییە، بۆیە دەبێت پەكەكە واز لەو سیاسەتەی بهێنێت و، ناكرێت گرووپێكی بچووك دەست بەسەر خەڵكی سڤیلدا بگرێت، كە بەداخەوە ئێستا بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز، شەڕێكی بەوەكالەت دەكات".
