بەیان سامی ڕەخنە لە ئیدارەی ئۆباما دەگرێت

 بەیان سامی ڕەخنە لە ئیدارەی ئۆباما دەگرێت
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆن ڕایگەیاند، هێزی پێشمەرگە كە شەڕی داعش لە سووریا و عێراقدا دەكات، تەنیا بەشێكی ئەو هاوكارییە سەربازیانەی وەرگرتووە كە لەلایەن ئەمەریكاوە بەڵێنی پێ درابوو. دەشڵێت، چەكناردن لە ڕێگەی بەغداوە، خەمساردیی ئیدارەكەی (ئۆباما)ـیە.


ماڵپەری "زە هیل" تیشكی خستووەتە سەر گوتەكانی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆن (بەیان سامی عەبدولڕەمان) كە لە ناوەندی سیاسیی حزبەكان پێشكەشی كرد و ڕاگەیاند: "پارەی تەرخانكراو لەلایەن (سەرۆك ئۆباما)ـوە بۆ مەشق و كەلوپەلی سەربازی بۆ عێراق كە بایی 1,6 ملیار دۆلارە، هیوایەكی زۆری دا بە ئێمە كە لە سەرەتای ساڵی 2015ـدا چەكی ئەمەریكاییمان بە دەست بگات، بەڵام تاكو ئێستا بە دەستمان نەگەییشتووە".

لەبارەی بەشداریی شەڕیشەوە،‌ (بەیان) گوتی: "لەم شەڕەدا پێشمەرگە پشكی شێری بەركەوتووە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش لە عێراقدا".
ڕەخنەیشی لە ئیدارەی (ئۆباما) گرت لەوەی خەمساردە بەرامبەر بڕیاری چەكناردن لە ڕێگەی بەغداوە، لەبری ئەوەی راستەوخۆ بینێرێت بۆ كورد و، ئەوەیشی خستە ڕوو كە كێشە سیاسییەكان بەربەست بوون لە سستی و نایەكسانیی چەكناردن بۆ هێزی پێشمەرگە. بۆ نموونە لە 250 دانە، تەنیا 25 ئۆتۆمبێلی پاراستن لە لوغم دراوە بە هێزی پێشمەرگە لە كاتێكدا وەرگرتنی چەكی M-4 و M3-ی دژەتانك و گوللەنەبڕ و لۆریی سەربازی زۆر بە كەمی نێردروان، هەروەها هەندێك لە چەكەكان مێژووەكەیان بۆ جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە".

لە هەمان كاتدا نوێنەری حكوومەتی هەرێم‌ لە واشنتۆن، سوپاسی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران (ئید رۆس) و (ئیلۆت ئینگل)ـی كرد لە هەمبەر هەوڵەكانیان بۆ خستنەڕووی كێشەكان. هەردووكیان داوایان كرد بە یاسا و راستەوخۆ چەك بۆ كورد بنێردرێت لە لیستێكدا كە 31 ئەندام بوون لەگەڵ هەشت ئەندامی دیموكراتەكاندا.
گوتەبێَژی پنتاگۆنیش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: "ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی چوار ملیۆن پاوەنیان بۆ كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخان كردووە. ئەمە لە كاتێَكدایە كە ئەمەریكا پێشتر 232 مووشەكی هیل لە ساڵی 2015 و 1572 دانە لە ساڵی 2014 و 250 MRAPs و هەزارەها درع و دە هەزار چەكی M16 و دە هەزار دووربین و دە هەزار مەخزەنی ناردووە".
گوتەبێژەكەی پنتاگۆن گوتیشی: "ئێمە بە هاوكاریكردنی كوردەكانەوە پەیوەستین".

(بەیان سامی) باسی لەوەیش كرد كە، "ئەمەریكا دەبێت وەك هاوبەش سەیری كورد بكات نەك تەنیا لەمڕۆدا، بەڵكە لە داهاتوویشدا، چونكە ئێمە بەشێكین لە چارەكردنی كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین".
Top