نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین دوای قۆناغی ئاساییبونەوە هاوكاری و پاراستن بۆ ئاوارەكان دابین بكەین
لە دیدارێكدا نوێنەری پاپای ڤاتیكان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی بۆ ئەو هەموو هاوكارییەی پێشكەشی ئەو ئاوارانەی كردووە كە لە ترسی تیرۆریستانی داعش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئاماژەی بەوە كرد كە ڕەوشی ئاوارەكان بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای هاتنیان بۆ هەرێمی كورستان، زۆر باشتر بووە و هیوای خواست ڕەوشەكە بەرەو ئاساییبوونەوە بچێت و ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر جێگە و ڕێگەی خۆیان و بە تەبایی و برایەتی لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان بەیەكەوە بژین. هەروەها سوپاسی خۆی و پاپای ڤاتیكانی پێشكەش بە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو هەموو قوربانیدانەی كە پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر داویانە و ئەو نەبەردیەی لەو شەڕە سەپاوەدا پیشانی دەدەن و بەبێ جیاوازی بەرگری لە هەموو پێكهاتەكان دەكەن.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باسى دوا پێشهاتەكان بە تایبەتی قوناغی ئاساییبوونەوەی ڕەوشەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان كرا و لەم میانەشدا داكۆكى لەسەر هاوكاریكردن و پاراستنیان كرایەوە بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی ئاساییی خۆیان دەست پێبكەنەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی نوێنەری پاپای ڤاتیكانی بۆ هەرێمی كوردستان كرد و تیشكى خسته سهر دوا سەردانی خۆی بۆ ڤاتیكان و پێشوازى و دیدارى لهگهڵ قەداسەتی پاپا. ئاماژەی بەوەش كرد كە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان باوەڕیان بە برایەتی و پێكەوەژیان و یەكڕیزیی هەموو پێكهاتەكان هەیە و بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان و هیوای خواست لە كاتێكی نزیكدا بارودۆخەكە ئاسایی ببێتەوە تا ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی دەربڕی كە لە شوێنەكانیان هاوكاری و پاراستن بۆ ئاوارە گەڕاوەكان دابین بكات.
ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی كوردستان
