هەڵگورد حیكمەت: ئەو ناوچانەی لە پلانی پێشمەرگەدان ئازاد دەكرێن
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (هەڵگورد حیكمەت) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بە شێوەیەكی گشتی ئێستا رەوشی هێزەكانی پێشمەرگە لە هەموو میحوەرەكان زۆر باشە و ئێستا لە جاران زیاتر بەهێزن و ورەیان بەرزە، هێزەكانی پێشمەرگە چاوەڕوانی ئەوە دەكەن ئەو ناوچانەی پێیان رادەسپێردرێت و لە پلانی پێشمەرگەدان، لە ماوەیەكی كەمدا ئازاد بكرێن و بیانپارێزێت، بۆیە هەر لە شنگالەوە بگرە تا گەرمیان، پێشمەرگە ورەی زۆر بەرزە و هەر ناوچەیەك هێرشی بۆ بەرێت، لە ماوەیەكی كەمدا رزگاری دەكات".
(هەڵگورد حیكمەت) ئاماژەیشی دا: "دابینكردنی چەك لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە لە بەرەیەكەوە بۆ بەرەیەكی دیكە جیاوازیی هەیە، چونكە چەكەكان بە شێوەیەك دابەش كراون كە یەكسانی بپارێزرێت، بەڵام بە سەبارەت بە تەقەمەنی، هەموومان دەزانین لەو شوێنانەی شەڕ زیاترە، لەوێ پێویستیی زیاتر بە چەك هەیە، بۆیە لەوانەیە لە ڕووی دابەشكردنی تەقەمەنییەوە لە میحوەرێكەوە بۆ میحوەرێكی دیكە جیاوازیی هەبێت، ئەویش بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی گەرمی شەڕ لەو میحوەرانەدا."
