مەسروور بارزانی: سیستەمی پاشایەتی و کۆماری و فیدڕاڵی لە عێراق سەرکەوتوو نەبوو..چارەی کێشەی پێکهاتەکان سیستەمێکی سیاسی نوێیە

مەسروور بارزانی: سیستەمی پاشایەتی و کۆماری و فیدڕاڵی لە عێراق سەرکەوتوو نەبوو..چارەی کێشەی پێکهاتەکان سیستەمێکی سیاسی نوێیە
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) لە پێشوازی باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق رایگەیاند، له‌عێراق سیستمی پاشایه‌تی، كۆماری، دیكتاتۆری و ئێستاش فیدراڵی تاقیكرایه‌وه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ له‌ چاره‌كردنی ئه‌و كێشانه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا، ده‌خوازێ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كار بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی سیاسی نوێ بكه‌ن تا بتوانێ چاره‌ی كێشه‌ی پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كان بكات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10/3/2015 مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی رۆمانیا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێكدا، كه‌ كونسوڵی رۆمانیا له‌ هه‌ولێریش ئاماده‌ی بوو گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش كرا، له‌ دیداره‌كه‌دا (مه‌سرور بارزانی) تیشكی خسته‌ سه‌ر جیاوازی هێز و توانای داعش له‌ سه‌ره‌تا و ئێستای شه‌ڕه‌كه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ داعش ئێستا زیاتر به‌رگری ده‌كه‌ن و ته‌نها ده‌یانه‌وێ خاكی زیاتریان له‌ ده‌ست نه‌چێت و گوتی: قاره‌مانی و خۆڕاگری پێشمه‌رگه‌ توانی ویست و پێشڕه‌وییه‌كانی داعش بوه‌ستێنێ. له‌ دیداره‌كه‌دا بالیۆزی رۆمانیا باسی له‌وه‌ كرد‌، كه‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ‌ چاودێری رووداوه‌كان ده‌كات، كه‌ چۆن و‌ به‌ چ رێگه‌یه‌ك پشتیوانی له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر بكات.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی‌ به‌ سوود وه‌رگرتنی داعش له‌ ژینگه‌ی سیاسی عێراق و چۆنیه‌تی چاره‌كردنی كێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌‌كانی عێراق دا و‌ گوتی: له‌ عێراق سیستمی پاشایه‌تی، كۆماری، دیكتاتۆری و ئێستاش فیدراڵی تاقیكرایه‌وه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ له‌ چاره‌كردنی ئه‌و كێشانه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا، ده‌خوازێ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كار بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی سیاسی نوێ بكه‌ن تا بتوانێ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كان بكات.
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ چاره‌كردنی كێشه‌كان بالیۆزی رۆمانیا روونیكرده‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دیپلۆماسی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ چاره‌ی كێشه‌كانی عێراق ده‌بینێ و گوتی: به‌رژه‌وه‌ندی رۆمانیا له‌ عێراقێكی سه‌قامگیر و بوژاوه‌دایه‌.
Top