وەزارەتی پێشمەرگە داوای پشتیوانیی ئاسمانیی لە بەغدا دەکات

 وەزارەتی پێشمەرگە داوای پشتیوانیی ئاسمانیی لە بەغدا دەکات
رۆژی یەکشەممە شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا گفتوگۆکراوە لەسەر زیادکردنى پشتیوانیى ئاسمانیى لەلایەن وەزارەتى بەرگرى عێراق بۆ هێزەکانى پێشمەرگە.

شاهۆ عەبدولکەریم، سکرتێری رۆژنامەوانیی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوەکان، راگەیاند: " کۆبوونەوەکە لە کەشێکى ئەرێنى بەڕێوەچوو و گفتوگۆکرا لەسەر چەندین خاڵى گرنگى پەیوەندیدار بە بودجە و گشت پێویستیە سەربازییەکانى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان و پتەوکردنى هەماهەنگى و کارى هاوبەش لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و هێزەکانى دیکەی پاراستنى هەرێم لەگەڵ هێزەکانى فیدراڵى عێراق لەگشت بەرەکانى شەڕ دژى تیرۆرستانى داعش، بەتایبەت لە ناوچەکانى سەر بە پارێزگاکانى (کەرکوک ونەینەوا) ".

سکرتێری رۆژنامەوانی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە هەورەها ئاماژەی بەوەکرد کە: " زیادکردنى پشتیوانیى ئاسمانیى لەلایەن وەزارەتى بەرگریى بۆ هێزەکانى پێشمەرگە و بەتایبەت لەکاتى ئەنجامدانى پرۆسەى سەربازى، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەروەها لەبارەى پرۆسەى ئایندەى رزگارکردنى شاری موسڵ و چۆنێتى هەماهەنگى و پشتیوانى یەکتر لەوبارەیەشەوە گفتوگۆیەکی تێر و تەسەل ئەنجامدرا".

بە گوتەی شاهۆ عەبدولکەریم، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە، چەند لیژنەیەکی تایبەت دابمەرزێ بۆ داڕشتنى رێوشوێنى یاسایی و گونجاو بۆ چۆنێتى دابینکردنى بودجە و گشت پێویستییەکانى هێزەکانى پێشمەرگە بەپێی بڕگەى (5)-ی ماددەى (9)ى یاسای بوودجەى فیدراڵى پەسەندکراوى ساڵى (2015 )". هەروەها چۆنێتى بەڕێوەبردنى کارى هەماهەنگى و پرۆسەى سەربازى هاوبەش لە ئۆپەراسیۆنەکانى ئێستا و لە ئایندەشدا و لەگشت ناوچەکانى جەنگى دژى رێکخراوی داعش گفتوگۆی لەبارەوە ئەنجامدراوە.

نوێنەرانى وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە (فەریق شیروان عەبدولرەحمان ، فەریق جەبار یاوەر ،سەرکەوت حەسەن جەلال و عەمید روکن هەژار عومەر). نوێنەرانى حکومەتى فیدراڵى عێراق بریتیبوون لە (فەریق روکن عەبدولئەمیر و فەریق روکن ریاز و لیوا روکن حوسێن و چەندین ئەفسەری پایەبەرزی دیکەو هەروەها فەریق بیدناریک وچەند ئەفسەرێکى پایەبەرزى ئەمریکى و هاوپەیمانان، نوێنەرانى هێزەکانى هاوپەیمانان وباڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بوون لە کۆبوونەوەکەدا.






روداو
Top