كاك مسعود بارزانی چووبێتە هەر بەرەیەكی شەڕەوە بۆتە پشت و پەنا بۆ هێزی پێشمەرگە و سەركەوتنی تێدا مسۆگەر بووە
مستەفا چاوڕەش هەروەها گوتی: لە شەڕی ئێستادا تەكنەلۆجیای نوێ رۆڵی یەكلاكەرەوەی تێدا دەبینێ و دەبینین كە هاوپەیمانان چۆن بە هۆی تەكنیكی تازەوە سەد لە سەد ئامانجەكانی خۆیان دەپێكن، هەروەها پێداویستییەكانی سوپایەكی دەوڵەتی بە دەست داعشەوەیە و ئەوەش تەرازووی هێزی لە بەرژەوەندی ئەواندا قورس كردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كە چەكی دەستی پێشمەرگە تەنیا چەكی سووك بوون، بە هۆی ئەوەی دۆزەكەی ئێمە دادپەروەرانە بووەو نەچووینەتە سەر خاكی خەڵك سەركەوتنی باشمان هەبووە، ئەو ئەركەی لە ئەستۆی ئێمەیە ئەوەیە بتوانین بەو چەكە هەمانە و بەوەی كە ئێستاش دۆستان و هاوپەیمانانمان بۆمان دابین دەكەن شەڕی باشتری پێ بكەین، ئێمە پێشتریش هەر بەم چەكە سووكانەی دەستمان رووبەڕووی جەبەرووتی ئەو هەموو هێزە زەبەلاحەی سەدام بووینەوە، تەنانەت كە بە زەبری چەكی كیمیاوی گەیشتینە سەر سنوورەكانیش، بەڵام تەسلیم بوون لە مەبدەئی هێزەكانی پێشمەرگەی حزبەكاندا نەبوو.
لە درێژەی قسەكانیدا چاوڕەش گوتی: ئێمە سوپاسی ئەو وڵاتانە دەكەین كە هاتوونەتە مەیدانەوە، بەڵام بە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە ئەو پشتیوانییەمان پەیدا كردووە، ئەگینا كەس خێرمان پێ ناكات، وەك خۆشیان دەیدركێنن و دەڵێن لە كوردستان كە پێشمەرگە شەڕ دەكات، تەنیا بەرگری لە خاكی خۆیان ناكەن، بەڵكو لە بری وڵاتانیش شەڕی تیرۆر دەكەن، ئەم تیرۆریستانە دەستیان كێشاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپیش، ئێستا لە ناو ئەو وڵاتانەوە چەكدار دەنێردرێت بۆ بەرەكانی شەڕ، لە هەندێ وڵاتی عەرەبی بەیعەت بە خەلیفە بەغدادی دەدەن، بە نموونە لە لیبیا و سۆماڵ و میسردا ئەمە دەكرێت، ئەم تیرۆریستانەی بەرانبەر پێشمەرگە وەستاون، لە ناوەندی بنەڕەتی خۆیاندان و باڵدەكێشن بۆ وڵاتان و تەنانەت بۆ ئەوروپاش وەك ئەوەی لە فەرەنسا روویدا، تەنیا لەبەر ئەوەی وێنەی بەغدادییان كردبوو، تیرۆریستان هەڵیانكوتایە سەر بارەگای رۆژنامەی شارل ئبیدۆ و چەند رۆژنامەنووس لە نووسینگەكە بوون هەموویان كوشتن، بۆیە ئەم شەڕە نێودەوڵەتییە لە وڵاتی ئێمە سەریهەڵداوە و ئەو كۆمەك و پشتیوانییە بۆ داهاتووی میللەتی كوردیش پێویستە.
لە كۆتایی قسەكانیدا مستەفا گوتی: كە كاك مسعود بارزانی هاتە خانەقین، ئێمە هەموو لەوێ بووین و لە نزیكەوە دەستخۆشی لێ كردووین، لە رێی ئێمەوە سوپاسی پێشمەرگە بە پێشمەرگەی ناو سەنگەرەكانی كردووە، رێنمایی هەموو فەرماندەكانی كردووە كە لەوێ بوون، هەموو ئەفسەرەكانیشمان بانگ كردوون و تەوجیهاتی باشی كردووین و ئەمە بەرز دەنرخێندرێت، هاندەر بووە بۆ ئەوەی فەرماندەكان لەگەڵ پێشمەرگە لە یەك سەنگەردا بن، پێویستە هەموو فەرماندەی لیواكانمان لە ریزی پێشەوە سەركردایەتی هێزەكانیان بكەن، ئەمە كاریگەری خۆی هەیە، ئەو شوێنانەش كە هێشتا ماون ئازاد بكرێنەوە، بە هیممەتی بەڕێزیان و بە هیممەتی فەرماندەكانی بەرەكانی جەنگ ئازا دەكرێن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1017)
