بارزانی پەیامێکی دەربارەی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی ڕاگەیاند.. بە جیهان دەڵێین، کورد یەکگرتووە و لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا یەکین

بارزانی پەیامێکی دەربارەی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی ڕاگەیاند.. بە جیهان دەڵێین، کورد یەکگرتووە و لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا یەکین
سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، داوا لە کوردستانیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و، دەستگا خێرخوازییەکان و، خێرۆمەندان و دامودەستگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، هەریەکە و بەپێی توانای خۆی هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی بەرپا بکەن.

لە پەیامێکیدا کە ئەمڕۆ هەینی كة تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی قارەمانەتیی شەڕڤانان و بە پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کۆبانی سەرکەوت و لە بەرانبەر بە هێرشی داگیرکارانەی تیرۆریستان خۆی گرت و شکستیشی پێ بردن.
ئەو هێرشەی تیرۆریستییە وەحشیانەیە بۆ سەر کۆبانیی قارەمان، وای کرد ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و براکانمان لەو شارە خۆشەویستە ئاوارە ببن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن، بەشێکی زۆر ئەو شارەیش کەوتە بەر هێرشی تیرۆریستان و بە هۆیەوە کاول بووە، کە مەبەستیان بووە شارەکە خاپوور بکەن و ژیانی تێدا نەهێڵن و کورد لە کۆبانی وەدەر بنێن، بەڵام کوردستان بە خۆڕاگری و قوربانیدانی ئامانجەکەی تیرۆریستانی لە گۆڕ نا و شکستی پێ بردن.
ئەمڕۆیش و پاش ئازاکردنی شارەکە، دەبێ ژیانی بۆ بگەڕیتەوە و هەڵمەتی چڕ بۆ ئاوەدانکردنەوەی بەرپا بکرێ تا خوشک و براکانمان بە سەربەرزی و شکۆمەندییەوە بۆی بگەڕینەوە.
هاوکاری و پشتیوانیی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی و گێڕانەوە ژیان بۆی، ئەرکی نتەوەیی و نیشتیمانییە بۆ هەموومان، لەو پێناوەیشدا داوا لە کوردستانیانی خۆشەویست لە ناوەوە و دەرەوەی ولات، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دەستگا خێرخوازییەکان و، خێرۆمەندانی گەلەکەمان و دەستگا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، هەریەکەو\ و لە شوێنی خۆی و بەپێی توانای خۆی، لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆبانیدا بەشدار ببێت.

هەروەک چۆن کاتێک کۆبانی بەرەوڕووی داگیرکاریی تیرۆریستان بووەوە هەموومان چووینە پاڵی و پشتیوانیمان لێی کرد، پێشمەرگە وەک هێمای یەکیەتیی ڕیزەکانی کورد و ئەرکی نەتەوەییی خۆی هەستا، لەسەر ئێمەیش هەمووان پێویستە بەوەی کە لە تواناماندا بێ هەر لەگەڵ کۆبانی بین، هەر لەو پێناوەیشدا پەیامی بەهێزمان بە جیهان دەگەیەنین و پێیان دەڵیین کە، پرسی گەلی کورد، یەک پرسە و ئێمە لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا یەکین."
Top