وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە ئێران دەکات بریندارەکانی پێشمەرگە چارەسەربکات
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا گوتی: سەردانەکەمان تایبەت بوو بەوەی، کە هەماهەنگی بکرێت بۆ سەردانی شاندێکی پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پارێزگاکانی کرماشان، ورمێ و تاران بۆ ئەوەی نەخۆشخانەیەک لەو پارێزگایانە دەستنیشان بکرێت بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆماری ئیسلامی ئێران".
بە گوتەی جەبار یاوەر ئەو سەردانەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە "دوای ئەوە هات کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا کە دە رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان سازی کرد، تێیدا گفتوگۆ کرا لەسەر هەلومەرجی کوردستان بەگشتی و یەکێک لەو بابەتانەی کە باسکرا ئەوە بوو کە داوامان کرد کۆنسوڵەکان داوا لە وڵاتانیان بکەن، هاوکاریمان بکەن لە رووی ئامێری پزیشکی و کەلوپەل و دەرمانی پزیشکی هەروەها چارەسەرکردنی بریندارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکران".
جەبار یاوەر گوتیشی "دوای ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن کۆنسوڵخانەی ئێرانەوە پەیوەندیمان پێوەکرا و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەوەی شاندێکی پزیشکی ئێمە سەردانی کۆنسوڵخانەی ئێران بکات بۆ هەماهەنگی لەسەر ئەو بابەتە ، ئێمەیش لەگەڵ شاندێکی پزیشکی سەردانی کۆنسوڵخانەی ئێرانمان کرد و تەنها باسی پرسی هاوکاری و هەماهەنگی پزیشکی و چۆنیەتی چارەسەری بریندارەکانمان کرد، کە لە نەخۆشخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چارەسەر بکرێن".
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها باسی ئەوەی کرد کە" بەڕێز مورتەزا عەبادی کونسوڵی ئێران لە هەولێر بەڵێنی ئەوەی دا، کە دوو تیمی پزیشکی بنێرن بۆ سلێمانی و هەولێر بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان یان نەخۆشخانەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، چارەسەر بۆ ئەو پێشمەرگانە بکەن، کە لە بەرەکانی شەڕدا بریندار دەبن".
رووداو
