بەیانی ئەمڕۆ داعش لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیکردووە

بەیانی ئەمڕۆ داعش لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیکردووە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ داعش لە مەسقەلات، لە سنووری تەلسقۆف هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام هێرشەکەیان پێشی لێگیراوە و تەرمێکیشیان لەدوای خۆیان جێهێشتووە.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش لە سنووری گوندی قۆپان لە باشیک هێرشیان کردەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەگوتەی سەرچاوەکانی پێشمەرگە هێرشەکەی داعش دوای دوو کاژێر تێکشکێندراوە.
سەرچاوەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە، لە فەرماندەیی سپیلک لە مەسقلاتەوە بە رووداوی راگەیاند " هێرشەکەی داعشمان شکاند و تەرمی چەکدارێکیشیان لەدوای خۆیان جێهێشتووە بەناوی عەبدلواحد".
سەرچاوەیەکی دیکەی پێشمەرگە راگەیاند " داعش کاژێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر سەنگەرەکانی ئێمە لە گوندی قۆپان و هێرشەکەیان تاکو کاژێر 9، واتە بۆ ماوەی دوو کاژێر بەرەدەوامبوو، بەڵام نەیانتوانی هیچ خاڵێکی ئێمەبگرن".
شەوی رابردووش لە میحوەری مەخموور چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام ئەو هێرشەیان لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێندرا.
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" کاژێر 2 و 30 خولەکی شەوی رابردوو، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزە پێشمەرگە لە گووندی جاروڵڵا، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بەرپەرچیان درایەوە و تێکشکێندران".
سەبارەت بە زیانەکانی داعش ئەو سەرچاوەیە گوتی: " لە هێرشەکەدا زیانی زۆر بەر چەکدارانی داعش کەوتووە، بەڵام ژمارەی وردیان لەبەردەست نییە و خۆشبەختانە پێشمەرگە هیچ زیانێکی لەو شەڕە نەبووە".





روداو -
Top