سبەینێ سەركۆمار دەگاتە هەڵەبجە و چاودێرانی سیاسییش قسەیان هەیە
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئەمڕۆ شارۆچکەوانی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، لە هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و بەڕێوەبەری دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ بووەتەوە بۆ ئەوەی پێكەوە میكانیزمی پێشوازی لە (د. فواد مەعسووم) سەركۆماری عێراق ڕێك بخەن.
ئەوەش زانراوە كە سبەینێ سەعات 10ـی سەرلەبەیانی سەركۆمار دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە و، بە گوێرەی بەرنامە، سەردانی یادگار (مۆنۆمێنت)ـەکەی هەڵەبجە و، مەزاری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات و، تاجەگوڵینەیش لەسەر مەزاری شەهیدان دادەنێت.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكان لە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەڵەبجە، پێدەچێت سەردانی گوندی (خەرپانی) پارێزگای هەڵەبجە بكات كە شوێنی لەدایكبوونی دایكی سەرکۆمارە.
لە دوای بە فەرمی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەوە بۆ یەكەم جارە سەركۆماری عێراق سەردانی ئەو پارێزگایە دەكات؛ چاوێرانی سیاسییش پێیان وایە كە بەو سەردانی سەركۆمار پەیامێك بۆ حكوومەتی ناوەندی دەنێرێت كە هەڵەبجە یەكێكە لە پارێزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان.
