فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ عەبادی و عەممار حەكیم كۆدەبنەوە
د.موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 26ی شوباتی 2015 ، سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان زنجیرەیەك سەردان و كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان دەستپێدەكەن و لە یەكەم دیداریش لەگەڵ عەممار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كۆدەبنەوە".
موسەننا ئەمین هەروەها گوتی:" بەو پێیەی وەزارەتی نەوت لەلای ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە، بۆیە سەردانی یەكەممان لەوێ دەستپێكردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێكردنی یاسای بودجەو ناردنی پشكی 17%ی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەش دەكات، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیك لەگەڵ سەكردەكانی دیكەی عێراق كۆببنەوە، لە بەرنامەشیاندایە لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
