مه‌سروور بارزانی: ئێمه سنووری كوردستان‌مان به خوێنی خۆمان كێشاوه‌ته‌وه
ڕۆژنامه‌ی "گاردیان" له ڕاپۆرتێكیدا به ناونیشانی "كورد داوای چه‌كی قورس ده‌كات بۆ شه‌ڕی داعش"، ئاماژه به پێشڕه‌وییه‌كانی پێشمه‌رگه و پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌سازیی كورد ده‌كات و، له هێڵی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی ڕزگاركردنی مووسڵ دیدارێكی له‌گه‌ڵ (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستاندا كردووه، كه ده‌ڵێ: "ئێمه ساویلكه نین، ئێمه زۆر وریا و بهئاگاینە و هیچ خاكی عه‌ره‌ب داگیر ناكه‌ین. ئێمه به ته‌نیا ناچینه ناو مووسڵ، خۆ ئێمه وه‌كیل نین."
دەربارەی په‌یداكردن و دابینكردنی چه‌كی قورس (مه‌سروور بارزانی) رایگەیاند: "ئێمه داوامان له به‌ریتانیا كرد هه‌ندێ له‌و چه‌كانه‌ی خۆیان بده‌نه ئێمه، كه له ئه‌فغانستان بوو. خۆمان بۆ كڕینی ئه‌و چه‌كانه ئاماده كرد، به‌ڵام بینیمان به شوێنی دیكه فرۆشراون و ملێان نەدا به ئێمه‌ی بفرۆشن".
(مەسروور بارزانی) دەشڵێت، "به‌ریتانیا له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی دژی داعش تا ئێستا بڕێ ته‌قه‌مه‌نی و 40 ڕه‌شاشی قورسی بۆ پێشمه‌رگه ناردووه، به‌ڵام داواكاری دیكه‌ی هەڵنەگرتووە و، سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه ده‌بێ شته‌كان له ڕێگه‌ی به‌غداوه ڕاده‌ست بكات".
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم جەختی کرد کە، پێشمه‌رگه توانیویه‌تی خاكێكی زۆر له ده‌ستی داعش ڕزگار بكات، به به‌نداوی مووسڵیشەوە، كه ئاو بۆ زۆربه‌ی عێراق دابین ده‌كات و گوتیشی کە، ئێمه سنووری كوردستان‌مان به خوێنی خۆمان كێشاوه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی مووسڵ به‌شێكه له كوردستان، به‌ڵام ئێمه بانگه‌شه‌ی بۆ ناكه‌ین، ئێمه تا هه‌موو ئه‌و ناوچانه ده‌چین، كه پێشوازیمان لێ ده‌كه‌ن و به‌شێكن له كوردستانی گه‌وره. ئێمه سه‌رووی ڕووباری دیجله‌مان ڕزگار كردووه، چاومان له كوردستانی گه‌وره نییه، ئێمه باس له كوردستانی عێراق ده‌كه‌ین. پێویسته قه‌ناعه‌ت به‌و وڵاتانه بهێنین، كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌ژین، ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موواندایه. ئێمه ده‌بێ له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتنه‌وه قه‌ناعه‌ت به به‌غدا بكه‌ین."
بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كوردی عێراق قه‌ده‌غه بوو، ته‌نانه‌ت نه‌مانده‌توانی قسه‌یشی له‌باره‌وه بكه‌ین. به‌لای عێراقه‌وه (كه‌ركووك) ته‌نها بنكه‌یه‌كی ئابورییه، به‌ڵام ئێمه هه‌ر له‌به‌ر ئابوری كه‌ركووكمان ناوێ، بەڵكو ئه‌مه خاكی باپیرانه."
له‌باره‌ی تێكشكاندنی داعش (مەسروور بارزانی) رایگەیاند: "سرێسرێکردنی هێزه‌کانی ناوخۆ بۆ شه‌ڕی داعش، ده‌رفه‌ت ده‌داته داعش گه‌شه بكه‌ن و، خۆیان ڕێك بخه‌نه‌وه و سەربازگیری بکەنەوە و، ببنه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆ ناوچه‌كه و ته‌واوی جیهان. تێكشكاندنی داعش پێویستی به پابه‌ندبوونی زیاتر و ناردنی سه‌رباز و دابینكردنی پێداویستیی دروست هه‌یه بۆ ئه‌و هێزانه‌ی داعشی تێك شكاندووه، ئه‌ویش كورده. بۆیه هیچ پاساوێك له پڕچهكنهكردنی كورد نابینین."
