مەسروور بارزانی: دەبێ سوننە مووسڵ ڕزگار بکەن.. دەمێکە داوای تانک و هێلیکۆپتەرمان کردووە

 مەسروور بارزانی: دەبێ سوننە مووسڵ ڕزگار بکەن.. دەمێکە داوای تانک و هێلیکۆپتەرمان کردووە
مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە ئەوان لە مێژە داوایان لە ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان کردووە، هەلیکۆپتەر و زرێپۆش و تانک و چەکی قورس بە پێشمەرەگ بدەن. خەختیشی کردەوە، پێشمەرگە بە تەنیا مووسڵ رزگار ناکات و پێویستە هێزەکانی سوننی بتوانن مووسڵ ڕزگار بکەن.

ئاری شاپیڕۆ پەیامنێری (ئێن‌پی‌ئاڕ) نووسیویەتی: بەرپرسانی سوپای ئەمەریکا ڕایانگەیاند خەریکی پلاندانن بۆ ڕزگارکردنەوەی مووسڵ و، دەرهێنانی لە دەستی داعش لە مانگی (نیسان و، ئایار)ـدا، پنتاگۆنیش دەڵێ، نزیکەی ٢٥هەزار سەربازی عێراقی لەو شەڕەدا بۆ گرتنەوەی مووسڵ بەشداری دەکەن.
پێشمەرگەیش ڕۆڵێکی بەرچاو و سەرەکی دەبێنێت لەو شەڕەدا، کوردەکان کە لە هاوپەیمانیەتیی ئەمەریکایی نزیکن و پێشتریش لە ناوچەگەلێکدا داعشیان وەدەرناوە.

لەو دیمانەیەی لەگەڵ رادیۆی ئێن پی ئاڕی ئەمەریکاییدا، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پێشمەرگە ئامادەیە و، بۆ ماوەیەکی درێژیشە شەڕی داعش دەکەن. بەڵام ڕزگارکردنی مووسڵ تەنها پەیوەست بەوەوە نییە ئایا پێشمەرگە ئامادەیە ئەو بەشدارییە بکات، ئێمە بەشێوەیەکی بنچینەیی چاوەڕێی هەموو هێزەکانی عێراق و، سوپای عێراقی دەکەین تاوەکو ئامادە بن و بێنە مووسڵ. پێشمەرگە بە تەنیا ناچێتە ناو مووسڵ، ئێمە لەو تێدەگەین کە ئەم پرسە لە ڕووی سیاسییەوە هەستیارە، هەر بۆیەش پێویستە هێزەکانی سوننی بتوانن مووسڵ ڕزگاربکەن."

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ سوپای عێراق ئامادەیە؟ مەسروور بارزانی ئاشكرای‌ کرد: "خۆزگە دەمتوانی پێت بڵێم ئامادەیە، بەڵام ئامادە نین، ئەوەش زۆر جێگای داخە... وەرە با ئەوە لەبیر نەکەین کە ماوەی (١٠) ساڵ سوپای عێراقی مەشقی پێ‌کراو، پاڵپشتی کرا، کەچی بەداخەوە بۆ شەڕی داعش خۆ نەگرت بەتایبەتی لە مووسڵ. ئاخر پێنج فرقەی سوپای عێراقی و بەشێکی پۆلیسی فیدڕال بەتەواوەتی لە ناوچوون، یاخود لە ئەرک و پۆستەکانیاندا نەمان.. با ئەوەش لەبیر نەکەین، کە شەڕی داعش بە ئەوانەوە کە تازە چوونەتە ناویان ئاوا ئاسان نییە، بۆیە هێزی تەواو بەهێزت پێویستە."


(ئێن‌پی‌ئاڕ) دەپرسێت، مووسڵ شارێکی ٢ ملیۆن کەسییە، ئایا تۆ ترست هەیە لەوەی کە ئەو شەڕە لافاوی خەڵکی مەدەنی (پەنابەران) دەڕژێنێتە هەرێم؟
مەسروور بارزانی: "ئێمە لە سەرووی (١.٦) ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆمان هەیە، کە زۆربەیان لە شارەکانی باشوورەوە هاتوون، هەر پلانێکیش کە هەبێت بۆ ڕزگارکردنەوەی مووسڵ دەبێت باش حیساباتی بۆ بکرێت و ڕێکخستن و هەماهەنگی بۆ بکرێت. لە ڕاستیدا ڕزگارکردنەوەی مووسڵ نابێت ببێتە هۆی دیسانەوە کۆچکردنی ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی ناوچەکانی تر، هەڵبەت ئەوە کاتێک ڕوو دەدات ئەگەر پڕۆسەکە شکستی هێنا."

(ئێن‌پی‌ئاڕ) ئەگەر داعش وەدەر نرا، کێ ئاسایش و بەڕێوەبردنی مووسڵ دەگرێتەخۆ؟
مەسرور بارزانی: "ئێمە ئەوە دەزانین کە (٣٠%)ـی خەڵکی مووسڵ کوردە، بۆیە بەدڵنیاییەوە کورد بەشێک دەبێت لەو ڕۆڵە، بەڵام دەبێت ئەو کوردانە هی ناو مووسڵ بن و، لەگەڵ پێکهاتەکانی تری شارەکە یاخود پارێزگاکە بەشداری دەکەن.
بۆ دواڕۆژی مووسڵ، ئاسایشی مووسڵ یان دوای ڕزگارکردنی مووسڵ، بەدڵنیاییەوە هەموو ئەوانەی لە مووسڵ دەژیێن و تێوەنەگلاون بە شوێنکەوتن و، هاوکاریکردنی تیرۆریزم پێویستە بەشدار بن، ئەوەش پێویستی بە ڕاهێنان و هەروەها یارمەتی و پاڵپشتی زیاتر هەیە."

(ئێن‌پی‌ئاڕ) چۆن هاوکارییەکانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کە بە دەستتان گەیشتوون هەڵدەسەنگێنن؟
مەسروور بارزانی: "ئێمە سوپاسگوزاری ئەو پشتگیریانەی ئەمەریکا دەکەین کە بۆی دابین کردووین. ئەوان لە نێو ئەوانەدا بوون کە یەکمجار هاتن بۆ یارمەتیدانمان کاتێک داعش تەرکیزی خستبووە سەرمان، هێرشی کردە سەر کوردستان لە نزیکەی شەوێکدا. هێرشە ئاسمانییەکان زۆر کاریگەر بوون، خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ پشتگیرکردنی پێشمەرگە و شکستپێهێنانی داعش لە شەڕەکەدا.
هەرچەندە ئەوندە بەس نییە بۆ شکستپێهێنانی داعش بە یەکجارەکی، چونکە داعش تەنها لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ نییە لەگەڵ پێشمەرگەدا، ئەوان لە جێگای تریش هەن کە پێشمەرگەی لێ نییە، کە بەداخەوە لەو شوێنانە کە هێزێکی کاریگەری لێ نییە بۆ شکستپێهێنانی داعش و دەرپەڕاندنیان لە وڵاتدا.
بۆیە باوەڕمان وایە، کە پێویستی و ڕێکاری زۆر زیاتر هەن دەبێت ئەنجام بدرێن لە ڕووی دابینکردنی پشتگیری زەمینی بۆ پێشمەرگە لە ڕووەکانی، چەکی تەواو (کە پێویستیەکانیان پڕ بکاتەوە) و، چەک و تانکی قورس و، سەیارە و، هێلیکۆپتەر کەوا ماوەیەکی درێژە لە ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان داوامان کردووە.
Top