شێخ جەعفەر: عادل موراد پێشنیازی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مالیکی کردووە

 شێخ جەعفەر: عادل موراد پێشنیازی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مالیکی کردووە
جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، عادل موراد سکرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی حیزبەکەی بە دوو شت تۆمەتبار دەکات. یەکەمیان بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، دووەمیان "سیخوڕیکردن" بەسەر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی.

شێخ جەعفەر لە لێدوانێکدا بۆ (رۆژنامەی هاوڵاتی) دەڵێ: "عادل موراد و ئەمسالی ئەو بوون پێشنیازیان بۆ مالیکی کرد، کە ئەگەر بێت و تۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕیت، ئەوا خەڵکی کوردستان لەدژی ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەیە رادەپەڕێت".

ئەم لێدوانەی شێخ جەعفەر وەڵامە بۆ لێدوانێکی پێشتری عادل موراد بۆ هەمان رۆژنامە، کە رەخنەی لەو کەسانە گرتبوو کە لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانین و شێخ جەعفەر یەکێکە لەوانەی پشتگیریی دەکات.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی تۆمەتی "سیخوڕیکردن"یش دەخاتە پاڵ عادل موراد لە دوو مێژووی جیاوازدا. ئەو دەڵێ: "رۆژێک لە رۆژان لە دەرەوەی کوردستان بووە، ئەنواع و ئەشکال بوختانی بۆ مام جەلال-یش هەڵبەستووە. ماڵەو ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک گەڕاوە کە یەکێتی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت".

شێخ جەعفەر باس لەو رۆژانەش دەکات کە عادل موراد، سکرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چووە بەغداو رایگەیاند، کە مالیکی قەناعەت پێدەکات تاوەکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و دەڵێ: "هەڵایەکی گەورەی نایەوەو درۆیەکی گەورەی کرد، ئەو بۆ مووچە نەچووبوو، بۆ جاسووسی بەسەر برادەرە تێکۆشەرو ماندووەکانی نێو یەکێتی چووبوو، جاسووسی بەسەر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکرد". جەختیش دەکاتەوە "من وا بە ئێوە دەڵێم، کە ئەو بووە بە مالیکی گوتووە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن".









رووداو
Top