لە میحوەرەكانی كەركووك و مەخموور داعش بۆردوومان دەكرێت
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 17-2-2015، لە میحوەری مەخموور لەکاتی خەندەق لێداندا فڕۆکە جەنگییەکان دوو ئۆتۆمبێلی داعشیان سووتاندوون. هەروەها چەند بنكەیەكی چەكدارانی داعشیش لە ناوچەی كوبەیبەی سەر بە پارێزگای كەركووك و دەوروبەری بە چڕی بۆردوومان كراون.
سیروان عوسمان هەرکی، ئەفسەر لە سوپای عێراق بە رووداوی راگەیاند:" لەکاتێکدا چەکدارانی داعش لەبەر مەترسی هێرشەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی سەرقاڵی هەڵکەندنی خەندەقی خۆپاراستن بوون، فڕۆکە جەنگییەکان هێرشیان کردنە سەریان و زیانێکی زۆریان پێگەیاندن".
سیروان هەرکی هەروەها گوتی:" لە نزیک هەردوو گوندی خەتاب و شۆڕەپەلکە، چەکدارانی داعش بە حەفارە سەرقاڵی لێدانی خەندەق بوون، لەو کاتەدا فڕۆکە جەنگییەکان بۆردوومانیان کردن و حەفارەکە و ئۆتۆمبێلێکی دیکە سووتێنران".
سەبارەت بە ژمارەی كوژراوانی داعش لە هێرشەكەدا، ئەو ئەفسەرەی سوپای عێراق گوتی:" بە هۆی ئەوەی نەمانتوانی لە شوێنی رووداوەکە نزیک بکەوینەوە، نازانین ژمارەی کوژراو و برینداران چەندە".
رووداو
