نێچیرڤان بارزانی و عەبادی نیوەڕۆ كۆدەبنەوە

 نێچیرڤان بارزانی و عەبادی نیوەڕۆ كۆدەبنەوە
ئەمڕۆ نیوەڕۆ نێچیرڤان بارزانی ، بە سەرۆكایەتی شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە .

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، نیوەڕۆ دەگاتە بەغدا و كاژێر 1:30 لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆدەبێتەوە.

تەوەری سەرەكی دانوستاندنەكان ، پرسی هەناردەكردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت لە هەرێمی كوردستان و كەركووكەوە بۆ بەندەری جیهانی توركی كە عێراق بیفرۆشێت و داهاتەكەی بچێتە حیسابی بەغداوە ، هەروەها لە بەرامبەردا عێراق 17%ی بودجەی گشتیی عێراق بداتە هەرێمی كوردستان .

ئەو رێككەوتنە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 2/12/2014دا ، دەبووایە لە سەرەتای ئەمساڵدا جێبەجێبكرێت ، بەڵام بەغدا تائێستا بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە .

نێچیرڤان بارزانی ، لەو سەردانەیدا پێشنیازی ئەوە دەداتە بەغدا كە سێ مانگ جارێك تەماشای ئەوە بكرێت كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەندبووە بە هەناردەكردنی ئەو بڕە نەوتە یان نا ، نەك رۆژانە ئەوە بژمێردرێت ، چونكە ئەوە شتێكی كردەیی نییە.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند كە ئەوان لەسەردانی پێشووشدا بە بەغدای راگەیاندووە كە ئەوان بڕە نەوتی زیاتر لەو بڕەی دیاریكراوە دەنێرن ، چونكە پارەیان بە قەرز لە كۆمپانیا نەوتییەكان وەرگرتووە بەرامبەر بەڵێنی پێدانی نەوت پێیان .






رووداو
Top