وەزارەتی پێشمەرگە لێكۆڵینەوە لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دەكات
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند، "ئێمە ئەو گرتە ڤیدیۆییەمان بینیوە و ئەم هەفتەیە ئاگاداری ئەو شوێنە دەكەینەوە، كە ئەوكارەی تێدا رووداوە، بۆ ئەوەی بزانین ئەو پێشمەرگەیە كێیە و ئەو رووداوە چی بووە".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها دەڵێت، "ئێمە لێكۆڵینەوە دەكەین بزانین ئەو گرتە ڤیدیۆییە چییە و دوای لێكۆڵینەوە ئەگەر راستیی گرتە ڤیدیۆییەكەمان بۆ دەركەوت، رێكاری یاسایی دەگرینە بەر و هەڵوێستمان دەبێت و كەی دەرەنجامی لێكۆڵینەوەكە ئاشكرابوو، رایدەگەیەنین و رای گشتی لێ ئاگادار دەكەینەوە".
لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا كۆمەڵێك چەكدار، كە دەگوترێت چەكداری حەشدی شەعبی-ین، هەڵدەكوتنە سەر كەسێك، كە جلوبەرگی سەربازی لەبەردایە و بە دڕندانەترین شێوە لێیدەدەن و پاشان بە چاو بەستراوی و لەكاتێكدا پاڵیان خستووە، گولـلەبارانی دەكەن.
رووداو
