دوایین ئاماری کوژراوانی داعش لە شەڕەکەی ئەمڕۆی شنگالدا

 دوایین ئاماری کوژراوانی داعش لە شەڕەکەی ئەمڕۆی شنگالدا
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال ده‌ڵێت، بەپێی دوایین ئامار کە بە دەستمان گەیشتووە، 40 چەکداری داعش لە شەڕەکەی ئەمڕۆی شنگالدا کوژراون؛ فڕۆکە جەنگییەکانیش، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون.

عەقید (وەزیر سوورچی)، فەرماندەی فەوجی سێ لە لیوای 12ـی ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێن شەو و، ئەم بەیانییەیش، چەکدارانی داعش دوو جار ھێرشیان هێنایە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام بە توندی ڕووبەڕوویان بووینەوە و، تێکمان شکاندن و، زیانی زۆریشیان پێ گەیشت."
(سوورچی) گوتیشی: "لەو شەڕەدا بەپێی دوایین ئامار کە بە دەست ئێمە گەیشتووە، 40 چەکداری داعش کوژراون و، ئۆتۆمبێلێکیشیان لێ سووتێندراوە و بڕێ چەک و تەقەمەنییش کەوتە دەستمان."
(سوورچی) ڕوونیشی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانانیش زیانی زۆریان پێ گەیاندن و، لە دوێشەوەوە ھەشت جار مۆڵگەکانی داعشیان بوردوومان کردووە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستادا شەڕەکە کۆتایی پێ ھاتووە و، ناوچەکە ئارام بۆتەوە.
Top