پۆلیسی دارستانی راپەڕین: بەهۆی هاتنی وەرزی زاوزێی ئاژەڵی كێویەوە هەڵمەتەكانمان بۆ رێگرتن لە راوكردن چڕكردوەتەوە

پۆلیسی دارستانی راپەڕین: بەهۆی هاتنی وەرزی زاوزێی ئاژەڵی كێویەوە هەڵمەتەكانمان بۆ رێگرتن لە راوكردن چڕكردوەتەوە
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین رایگەیاند، بەهۆی هاتنی وەرزی زاوزێی ئاژەڵی كێویەوە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین هەڵمەتەكانیان بۆ ڕ ێگرتن لە ڕاوكردن چڕكردوەتەوە.

ئەحمەد حاجی قادر، لە لێدوانێكدا بە پەیامنێری ڕاگەیاند: لە ئێستادا ژمارەیەك جۆی ئاژەڵی كێوی لە قۆناغی زاوزێ‌ كردندان و پێویستی زیاتریان بە پاراستن هەیە بۆیە بۆ ئەو بابەتە مەفرەزەی تایبەتمان لە ناوچە جیاجیاكانی سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان دروستكردوەو چاودێری چیاو دەشتەكان دەكرێت بۆ ئەوەی كەس بواری راوكردنیانی نەبێت.



گوتیشی،هاوكات هاووڵاتیانی گوندەكانیش هاوكاریمان دەكەن و زانیاریمان پێدەدەن لەبونی هەر حاڵەتێكی ڕاوكردن بۆ ئەوەی دەستبەجێ‌ فریایان بكەوین و رێی یاساییان بەرانبەر بگرینەبەر،لەو روەشەوە تا ئێستا چەندین ڕاوچیمان دەستگیركردوە.

هێمای بۆ ئەوەشكرد،كە بەهۆی زیادبونی هۆشیاری پاراستنی سامانی ئاژەڵ و باڵندەو سروشت لای هاووڵاتیان، لە ئێستادا بەبەراورد لەگەڵ پێشوو دیاردەی راوكردن بەشێوەی باش و دڵخۆشكەر كەمی كردوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین ئاماژەی بەوەشكرد كە بۆ بەرەنگاربونەوەی دیاردەی راوكردن پێویستیان بە كەناڵەكانی راگەیاندن و مامۆستایانی ئاینی و هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندارەكان هەیەو لەو روەشەوە گفتوگۆیان لەگەڵیان كردوەو هەماهەنگی لەنێوانیادا دروستبوە.
Top