كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی دانوستكار وكۆمەڵی ئیسلامی لەهەولێر
لە پارتی دیموکراتی کوردستان ( نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و رۆژ نوری شاوەیس و ئازاد بەرواری و مەحمود محەمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب ئەندامی سەرکردایەتی پارتی) ولە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ( عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی و تۆفێق کەریم و عەبدولستار مەجید و ئەنوەر سەنگاوی و بیلال سلێمان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و عەبدولابری زوبێر ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامیی) ئامادەبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا رای خۆیان لەسەر هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و پاش کۆبوونەوەکەش لە پرێس کۆنفرانسێکدا هەریەک لە مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی و نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیاریان لەسەر کۆبوونەوەکە خستەڕوو.
لە سەرەتادا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: وەفدی پارتی بەمەبەستی ئەوە هاتبوونە لامان کە داوایان لێکردین بەشداری کابینەی تازە بکەین و کۆبوونەوەیەکی باشمان کرد ، ئەو کەشوهەوا سیاسەیی هاتۆتە ئاراوە جێگای دڵخۆشی خەڵکی کوردستان و هەرشتێک خەڵک پێی خۆش بێ دەبێ لای ئێمەی سیاسیی جێگای بایەخ بێ.
وتیشی: کۆمەڵێک بیرورامان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت.
وتیشی: دەبێ کابینەی تازە بنکەفراوان بێت و بەشداری کارا بدرێتە بەشداربووان کە شەریک بن و دەبێ دەرس و پەند وەربگرێت لە کابینەکانی پێشوو و ئەوەی خەڵکی بێزار کردووە لە گەندەڵی و دەستێوەردانی حزب و بەشەخسەنەکردنی کارەکان و ناروونی بودجە و نارێکی پەیوەندییە سیاسییەکان دووبارە نەکرێتەوە.
وتیشی: نابێ کابینەی داهاتوو هەستیار بێ بەرامبەر هیچ پرۆژەیەکی جاکسازی.
مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان راشیگەیاند: ئومێدمان وایە ئەو کابینەیە جێگای ئومێدی خەڵک بێت و دادگەری زیاتر بچەسپێنێت و لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ هاوڵاتیبوون و یەکسانی خزمەتی هاوڵاتیان بکات.
هەروەک نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: کۆبوونەویەکی زۆر ئیجابی بوو، هەردوولا بیروبۆچوونی خۆمان خستەروو و کە نزیک بووین لە یەکەوە .
وتیشی: هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەویەکی تر بکەین بۆ وردەکاری.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانیشدا نێچیرڤان بارزانی وتی: ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێک نیە بۆ بەشداری حکومەتی هەرێم و بەرنامەی هەموو هێزە سیاسییەکانیش لەبەرچاو گیراوە.
