بارزانی، سوپاسی ئەردۆغان و ئۆجەلان دەكات

 بارزانی، سوپاسی ئەردۆغان و ئۆجەلان دەكات
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و عوسمان بایدەمیر، سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئامەد، دوای كۆبوونەوەیان، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و هەردوولا جەختیان لە پشتیوانیكردنی پرۆسەی ئاشتی كردەوە. بارزانی ئاماژەی بەوەدا، كە مەبەستی سەردانەكەیان تەنیا بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی بووەو سوپاسی هەنگاوەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەردۆغان-یشی كرد لەو پێناوەدا.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا عوسمان بایدەمیر، سەرۆكی شارەوانی ئامەد، بەخێرهاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كردو گوتی \"ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە لە ئامەد\"". بایدەمیر رایگەیاند كە ئامەد ماڵی بارزانییەو گوتیشی هەولێر و مەهابادیش ماڵی هەموو كوردانن.

سەرۆكی شارەوانی ئامەد هیواشی خواست ئەو سەردانە ببێتە هۆی برایەتی و تەبایی نێوان گەلی كورد‌و گوتی \""بارزانی هەروەكو عەبدوڵڵا ئۆجەلان و رەجەب تەیب ئەردۆغان جێ دەستی بە پرۆسەی ئاشتییەوە دیارە\"".

دواتر مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سوپاسی بەخێرهاتنەكەی بایدەمیری كرد و گوتی \""هاتنی ئێمە بۆ ئامەد، بەمەبەستی پێشخستنی پرۆسەی ئاشتییە، هاتووین سڵاوی گەلی كوردستان لە باشوور بگەیەنینە ئامەد، هاتووین بڵێین ئێمە گەلێكی ئاشتیخوازین و دەستی ئاشتی بۆ تورك، عەرەب و فارس درێژدەكەین\"".

بارزانی لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا سوپاسی هەوڵەكانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیای كرد لە هەوڵ و هەنگاوەكانیان بەرەو پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.

بارزانی داواشی كرد گەلی كورد ئارام بگرێت بۆ گەیشتن بە ئاشتی و گوتی \""پرۆسەی ئاشتی كاتی دەوێ\"".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە \""ئەولەویەتی كاری ئێمە تەبایی و رێككەوتنی گەلی كوردە، چونكە بەو رێككەوتنە دەتوانین باشترین پەیوەندیمان هەبێت لەگەڵ فارس، عەرەب و تورك\"".

لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی رووی كردە بایدەمیرو گوتی \""بەڵێ ئامەد ماڵی ئێمەیە، هەولێریش ماڵی ئێوەیە\""




رووداو"
Top