پێش سەردانەکەی بۆ ئامەد، بارزانی لەگەڵ شڤان پەروەر کۆدەبێتەوە
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی میدایی رووداو، دوێنێ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام لەگەڵ شڤان پەروەر، سترانبێژی بەناوبانگی کورد کۆبووەتەوە و باسیان لە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەیان بۆ ئامەد کردووە، کە بریارە رۆژی شەممە 16.11.2013 ئەنجامی بدەن.
لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، بارزانی دوای 21 ساڵ سەردانی شاری ئامەد دەکات و لەوێ پێکەوە بەشداری ئاهەنگ و مەراسیمی ژنهێنانی بە کۆمەڵی گەنجانی شارەکە دەکەن.
بارزانی لەگەڵ خۆی، شڤان پەروەر، هونەرمەندی کورد دەباتەوە باکووری کوردستان، کە نزیکەی 37 ساڵە بە هۆی سیاسەتی حکومەتەکانی پێشووی تورکیا بەرامبەر کورد، ئاوارەی وڵاتان بووە.
وا بڕیارە شڤان پەروەر لەگەڵ ئیبراهیم تاتڵسێس، لە ئاهەنگە گەورەکەی هاوسەرگیری بە کۆمەڵی کوڕ و کچانی ئامەد، پێکەوە گۆرانی بڵێن.
رووداو
