پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین رێژەی دەنگەکانی کوردستان بەدەست ھێنا
سەربەست مستەفا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە جێگری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومنی کۆمسیۆن ئامادەیبوون، رایگەیاند: ئەوەی لەم کۆنگرەیەدا ئاشکرا دەکرێ تەنیا راگەیاندنی رێژەی ٩٥%ی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەو لە چەند رۆژی داھاتووشدا کۆی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە ئاشکرا دەکەین کە بەھۆی ئەوەی ژمارەیەک سکاڵا تۆمار کراوەو پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو سکاڵایانە.
سەرۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند: لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ٦٧١٥ وێستگەی گشتی دانرا بوو لە رۆژی ھەڵبژاردندا لە کۆی ئەو ژمارەیەدا ٦ ھەزار و ٧١٤ وێستگە کرابۆوە، ئەوەی ئێستاش رادەگەیەنرێ وەک پێشتر ئاماژەم پێیدا رێژەی ٩٥% وێستگەکانەو ئێستا ئەنجامی ٦ ھەزار و ٣٧٦ وێستگە رادەگەیەنرێ.
ھەروەھا ناوو ژمارەی ئەو دەنگدانەی کە قەوارە بەشداربووەکان بەدەستیان ھێناوە ئاشکرا کردو گوتی: لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستھێناوە کە ٧١٩ ھەزار و ٤ دەنگە، لیستی بزووتنەوەی گۆڕان ٤٤٦ ھەزار و ٩٥ دەنگ، لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ٣٢٣ ھەزار و ٨٦٧ دەنگ، لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ١٧٨ ھەزار و ٦٨١ دەنگ، لیستی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ١١٣ ھەزار و ٢٦٠ دەنگ، لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق ٢٠ ھەزار و ٧٩٥ دەنگ، حزبی سۆشیالیستی دیموکراتی کوردستان ١١ ھەزار و ٧٢٨ دەنگ، لیستی ئازادی ١١ ھەزار و ٧٦٨ دەنگ، ئاراستەی سێیەم ٨ ھەزار و ٢٦٨ دەنگ، لیستی رافیدێن ٥ ھەزار و ٩٦٣ دەنگ، لیستی کۆمەڵەی کڵدانی سڕیانی و ئاشووری ٥ ھەزار و ٥٩٩ دەنگ، لیستی پێشکەوتووی تورکمانی ٥ ھەزار و ١٧٣ دەنگ، لیستی ئایندە ٣ ھەزار و ٨٦٨ دەنگ، پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان ٣ ھەزار و ٦٠٥ دەنگ، لیستی مافەکانی خەڵکی کوردستان ٢ ھەزار و ٨١٧ دەنگ، پارتی پارێزەرانی کوردستان ٢ ھەزار و ٤٢٠ دەنگ، مافی گەل ٢ ھەزار و ٥ دەنگ، لیستی تورکمانی ھەولێر ھەزار و ٨٥٦ دەنگ، گۆڕان و نوێبونەوەی تورکمان ھەزار و ٧٢٩ دەنگ، یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ھەزار و ٧١٧ دەنگ، بەرەی تورکمانی عێراقی ھەزار و ٦٦٧ دەنگ، لیستی چاکسازی و گەشە ھەزار و ٣٢٣ دەنگ، لیستی برایانی نەھرێن ھەزار و ٤٨ دەنگ، لیستی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان ھەزارو ٢ دەنگ، لیستی سەربەخۆکان ٨٦٤ دەنگ، یروانت نیسان مارکۆس ئەمنیان ٣١٧ دەنگ، ئیشخان ئەرشاک کیفورکیان ٣٤٥ دەنگ، ئارام شاھین داود ٣٤٢ دەنگ، حزبی رزگاری کوردستان ٢٤٧ دەنگ، لیستی پەرێسان و ھەژاران ٢٠٢ دەنگ، نۆبار سیبان غەریب قوریان ١٢٧ دەنگ.
سەبارەت بە ژمارەی سکاڵا تۆمار کراوەکانیش سەربەست مستەفا گوتی: لە ھەر دوو ھەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت و گشتی کۆمەڵێک سکاڵا تۆمار کراون، ئەوەی تایبەت بێت لە ھەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەتدا لە پارێزگای ھەولێر یەک سکاڵای سەوز و ٨ سکاڵای زەرد تۆمار کراوە، لە پارێزگای سلێمانیش ٥ سکاڵای سەوزو ٢ سکاڵای زەرد تۆمار کراوە، لە پارێزگای دھۆکیش ٨ سکاڵای سەوزو ١٦ سکاڵای زەردیش تۆمار کراوە، کۆی گشتی ٤٠ سکاڵا تۆمار کراوە.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا سەرۆکی کۆمسیۆن ژمارەی سکاڵاکانی تۆمار کراو لە ھەڵبژاردنی گشتی بەم شێوەیە راگەیاند: لە پارێزگای ھەولێر ٤٢ سکاڵای سەوز و ٦٠ سکاڵای زەرد تۆمار کراوە، ھەروەھا لە پارێزگای سلێمانی ٥٨ سکاڵای سوور و ٥٠ سکاڵای سەوز و ٢٥٠ سکاڵای زەردیش تۆمار کراوە، لە پارێزگای دھۆکیش ١٨ سکاڵای سەوز و ٢٥ سکاڵای زەرد تۆمار کراوە کە کۆی گشتی سکاڵا تۆمار کراوەکان لە ھەڵبژاردنی گشتیدا ٧٦٨ سکاڵا بووە.
