15 داواكراو و گومانلێكراو لە سنووری پارێزگای كەركووك دەستگیر کران

15 داواكراو و گومانلێكراو لە سنووری پارێزگای كەركووك دەستگیر کران
28ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا، هێزە هاوبەشەكانی پۆلیس و سوپای عێراق پانزە داواكراو و گومانلێكراویان لە سنوری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای كەركووك دەستگیر دەكەن. لە راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركووك كە كۆپیەكی بەدەست KDP.info گەیشتووە تێیدا هاتووە، بەرەبەیانی دوێنێ‌ چوارشەممە هێزێكی هاوبەش لە پۆلیسی قەزاو ناحییەكان و لیوای 47 سوپای عێراق و بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی تاوانەكانی كەركووك هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان بۆ گوندەكانی،سارتك، بەسمە، گوبە، سوسەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبزی سنوری پارێزگای كەركووك ئەنجامدا.

بەپێی راگەیاندراوەكەی پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركووك لەو هەڵمەتەدا هێزە هاوبەشەكان 15داواكراو و گومانلێكراویان دەستگیركردووە و دەستیشیان گرتووە بەسەر هاوەنێكی هەشتاو دوو ملم و بۆمبێكی چێنراو و ئوتۆمبێلێكی بێ‌ بەڵگەدا. هەر بەپێی راگەیاندراوەكە لە كاتی گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەكە بۆ شاری كەركووك لە بوونی ئوتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە سەر رێگای گوندی باجوان و گەڕەكی عەمەل شەعبی شاری كەركووك ئاگادار كراونەتەوە، دواتر ئۆتۆمبێلەكە لەلایەن پسپۆرانی تەقەمەنی بەبێ‌ زیان پوچەڵ كراوەتەوە، كە ئوتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا كۆرۆلا بووە و دوو جەلیكان مادەی تی ئێن تی و سی فۆر و زیاتر لە بیست و پێنج گوللە هاوەنی تێدابووە. هەروا دوو كەسیش لە نزیك ئوتۆمبێلەكە دەستگیركراون.
Top