دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یۆبیلی زێڕینی ئێزگەی دەنگی کوردستان پیرۆز دەکات
ئێزگەی دەنگی کوردستان ئێزگەی بەردەوامی شۆڕش و بەرخودانی گەلەکەمان بووە، لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە بۆ شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز و بۆ بەرەنگاربوونەوە و پووچەڵکردنەوەی نیازی شۆفێنیانەی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و کیمیاباران، تا راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ و لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا، لە سەردەمی بونیاتنانی کوردستانی دیموکراسی و گەشاوە و ئازاددا، کاروانێکی دەوڵەمەند و خەباتێکی ئیعلامیی لەیادنەکراوی ھەموو ئەو ھەڤاڵە تێکۆشەرانەیە کە بە خوێن و ئارەقە و ماندووبوون و شەونخوونییان، لاپەڕە گەشەکانی مێژووی راگەیاندنی کوردییان تۆمار کردووە و بۆ ھەتا ھەتایە جێی شانازی و تێڕامان و لێکۆڵینەوەی زانستیتییە.
ئەمڕۆ کە یادی یۆبیلی زێڕینی ئەم ئیزگە زێدە ئازیزەیە، پەنجا چەپکە گوڵی سەرکەوتنی پێشکەش دەکەین و بە پەنجا ئەستێرەی جوان ئاسمانی پەنجا ساڵەی دەدرەوشێنینەوە و بە پەنجا مۆمی داگیرساو یاد و یادەوەرییەکانی پیرۆز دەکەین و دەستی ماندووبوونی بەڕێوەبەر و ستافی نووسین و پێشکەشکاران و تەکنیککاران و یەکە بە یەکەی کارمەندانی دەگوشین.
ھەڵبەتە یادی یۆبیلی زێڕینی ئێزگەی \""دەنگی کوردستان\"" ئاھەنگ و بیرھێنانەوە و گردبوونەوەیەکی یەکجار گەورەی شایستەیە، بەڵام بە داخەوە لە ھەلومەرجی ئەم ماوەیەدا کە ھەموو لایەک لە چاوەڕوانی دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردن و سەرقاڵی کاروبارەکانی دوای ھەڵبژاردنن، بۆ دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن نەلوا کە لە کات و رۆژی خۆیدا، لە ٢٨ ی ئەیلوولدا ئەو یادە بکاتەوە. بەڵام لە رۆژانی داھاتوودا و لە ھەلومەرجێکی شیاودا بە شێوەیەکی یەکجار شایستە بە گەورەیی ئەم بۆنەیە، ئاھەنگێک بۆ یادکرنەوەی ساز دەکات.
بەرزوبەڕێز بێ یادی یۆبیلی زێڕینی دەنگی کوردستان
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان"
