پورتوگال كونسوڵگەری فەخری لە هەولێر دەكاتەوە

پورتوگال كونسوڵگەری فەخری لە هەولێر دەكاتەوە
24ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- ئەمڕۆ خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە جێمی لیتۆ باڵیۆزی نانیشتەجێی پورتوگاڵ لە عێراق كرد كە لە ئەبو زەبی كارەكانی خۆی لەوێ بەڕێوە دەبات .
لە دیدارەكەدا كە ژمارەیەك لە بەڕێوەبەر و كارمەندانی فەرمانگە ئامادی بوون ، باڵیۆز جیمی لیتۆ كە یەكەمینجارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوانی ئەو دەرفەتە دەكات و ئاماژەی بەوەدا مەبەستی سەردانەكەی بۆ هەرێم بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانیە لەنێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان .
ئەوەشی خستەڕوو كردنەوەی پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر كە چەندین كۆمپانیای پورتوگالی بەشداریان تیادا كرد دەرفەتێكی باش بوو بۆ ئەم سەردانە و گوتی : من زۆرم دەربارەی هەرێمی كوردستان بیستوە و لەمیانەی ئەو سەردانەشم بینیم كوردستان شوێنێكی ئارامە و ئەوەشم بە چاوی خۆم بینی و پێشموایە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی هەولێر تاكە دەروازەی بازرگانی پورتوگالە بۆ هەموو عیراق.
ئاشكراشیكرد وڵاتەكەی بە نیازە كونسوڵگەری فەخری لە هەولێر بكاتەوە بۆ زیاتر هاندانی بازرگان و وەبەرهێنەران بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەردوولا و كردنەوەی كەناڵی زیاتری پەیوەندی ونیشانیدا ئەو سەقامگیریەی هەرێمی كوردستان بنەمای سەرەكی متمانەی وڵاتانە بە هەرێم و دووپاتیكردەوە وڵاتەكەی هەنگاوی جدی بۆ پێشخستنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەردوولادا دەنێت.
لەلای خۆشیەوە خاتوو سوهام جەبەلی بەناوی بەرپرسی فەرمانگە بەگەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆز لیتۆ كرد و ئەو هەنگاوەی پورتوگالی بەكردنەوەی كونسوڵگەری فەخریان لە هەرێم بە گرنگ وەسفكرد و دووپاتیكردەوە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆكارێك بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا و ئاماژەی بەوەدا حكومەتی هەرێم سیاسەتێكی كراوەی هەیە بە پێشوازیكردن لە كۆمپانیا جیهانیەكان بۆ وەبەرهێنان و كۆمپانیا پورتوگالیەكان دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و بێن لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان ئەنجامبدەن و ئەوەشی خستەڕوو فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بۆ هەموو ئاسانكاریەك لەمبارەیەوە ئامادەیە.
هەر لەم دیدارەدا تیشك خرایەسەر بەرنامەی ئاڵوگۆڕكردنی شارەزایی و ئەزموون لەبواری پەروەردەیی و كولتووری و خوێندنی باڵا و بوارەكانی دیكە.
باڵیۆزی پورتوگاڵ دووپاتیكردەوە كە هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ پێشخستنی پەیوەندی نێوان هەردوولا دەخاتە گەڕ و هەبوونی دیدار و سەردانی نێوان هەردوولا بەگرنگ زانی .
لەلایەكی دیكەشەوە هەردوولا تیشكیان خستە سەر رەوش و بارودۆخی ئاوارەكانی كوردی سوریا لە هەرێمی كوردستان.
Top