سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی نێردە تایبەتییەكانی سەرۆكوەزیرانی بریتانیا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی نێردە تایبەتییەكانی سەرۆكوەزیرانی بریتانیا دەكات
ئێوارەی دووشەممە 23ـی 9ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لۆڕد جۆناتان ماڕلەند سەرۆكی نێردە تایبەتییەكانی سەرۆكوەزیرانی بریتانیا بۆ كاروباری بازرگانی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا لۆرد جۆناتان ماڕلەند خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا و پیرۆزبایی و سوپاسی خۆیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و ڕێژەی بەشداریی 73%ـی هاووڵاتیانی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا بە مایەی سەرسووڕمان وەسف كرد و گوتی: \"ئەم ڕێژەیە بەڵگەیە لەسەر بایەخی ئەم هەڵبژاردنە لە ژیانی هاووڵاتیانی كوردستاندا\"". لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی نێردە تایبەتییەكانی سەرۆكوەزیرانی بریتانیا باسی بارودۆخ و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی كرد كە زۆر هاندەرە بۆ وەبەرهێنانی بیانی و ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا مەیلێكی زۆر لای كۆمپانییاكانی بریتانیا هەیە بۆ ئەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا لە هەرێمی كوردستان كار بكەن و هەروەها بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە بەمزووانە یەكێك لە گەورە بانقە نێودەوڵەتییەكانی بریتانیا لە هەرێمی كوردستان لقی خۆی دەكاتەوە و هەروەها كار بۆ ئەوەش دەكرێ كە زانكۆكانی بریتانیا لە هەرێمی كوردستان لقی خۆیان بكەنەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا لە بوارە جۆراوجۆرەكان نیشان دا. سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان سەرۆك بارزانی گوتی: \""خەڵكی ئێمە لەسەر ئەوە ڕاهاتوون كە بە شێوەیەكی دیموكراتیانە بەشداری ژیانی سیاسی بن و بەشداریكردنی ئەم ڕێژەیەی خەڵك جێگەی ئومێد و خۆشحاڵییە\"".

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و دۆخی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوون و سەبارەت بە دواڕۆژی سووریا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان بایەخی هەیە ئەوەیە كە لە دواڕۆژی سووریادا دیموكراسی و مافەكانی گەلی كورد مسۆگەر بكرێن. پەیوەست بە باری ژیانی پەنابەرانی سووریا لە هەرێم سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە یارمەتیدانی ئاوارەكان بۆ ئێمە ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆڤییە و ئەوەشی بۆ شاندی میوان باس كرد كە كۆمەڵگەی دەولی وەك پێویست گرنگی بە پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان نەداوە."
Top