سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان داوا لە هاووڵاتیان دەکات بە هوشیارییەوە دەنگ بدەن
١- هەڵبژاردن وەك یەكێك لە میكانیزم و شێوازی دەستنیشانكردنی دەزگا باڵاكانی دەوڵەت وەك پەرلەمان و حكومەت و ئەنجومەنەكان و تەنانەت سەرۆكی وڵاتیش بە باشترین و دادپەروەرترین میكانیزم و ئامراز دەزانین ئەگەر بە راست و دروستی ئەنجامبدرێت.
٢- بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان لەلایەن دەنگدەرانەوە و چونە سەر سندوقەكانی دەنگدان ئەركێكی ئایینی ونیشتمانی ئەخلاقییە، بۆیە زۆر گرنگە خوشك و برایانمان لە گەنجان و پیران ئەم ئەركە جێبەجێ بكەن و ئەمانەت لە ئەستۆی خۆیان لابدەن .
٣- زۆر گرنگە دەنگدەر نەهێڵیت دەنگی بە فیرۆ بروات و بیدات بەو كەس و لایەنەی كە قەناعەتی تەواوی هەیە بە كەفائەت و ئەمانەتی وە بە ئەزمونی كاركردنی.
٤- خوشك و برایان چاك بزانن دەنگی ئێوە سەنگی مەحەكە و ئەمرۆ ئێوە دەسەڵاتدارن و هەموو حیزب و لایەنەكانیش تەماشای دەمی ئێوە دەكەن و چاوەروانی هەڵوێستی ئێوەن. ئێوەش بەو پەری ئازادییەوە دەنگی خۆتان بدەن و یژدانتان ئاسودە بكەن.
٥- فیڵ و تەزویر كردن و زیاتر لە جارێك دەنگدان كارێكی نا شەرعی و نا یاساییە، كەسی بە باوەڕ و بە ویژدان ئەم كارە نارەوایە ناكات ئەگەر داواشی لێبكرێت پێویستە خۆی توشی ئەم گوناه و تاوانە نەكات.
٦- ئەگەر لەحاڵەتێك سوێند و تەڵاقیشیان پێ خواردیت بۆ ئەوەی ناچارت بكەن بۆ دەنگدان بە كەسێك كە تۆ بە شایستەی نازانیت، تۆ قەناعەتی خۆت بەكاربێنە و ویژدانت ئاسودە بكە و مەترسە چونكە هەر سوێندو تەڵاقێك بە زۆر بێت هیچ كاریگەرییەكی نییە.
٧- بزانە كە دەنگی تۆ كاریگەریی هەیە و مەڵێ جا بە دەنگێكی من چ دەبێت ، جاری وا بوە كە بە یەك دەنگ هاوسەنگییەكان گۆرراون،لەبەر ئەوە گرنگە بەشدار بیت و خەڵكیش هانبدەی بۆ دەنگدان ئەگەر دەتەوێت ئاییندەیەكی گەش و ئاوەدان و پر لە دادپەروەری و دوور لە گەندەڵی و كەموكوری بێتە كایەوە، دەنا نابێ دواتریش گلەیی بكەیت.
٨- لە كۆتاییشدا داوا لە گشت لایەنەكان و لیستەكانی هەلبژاردن دەكەم كە لە رۆژی دەنگدان زۆر هێمن و لەسەر خۆ و لێبوردە بن و جوانی وپاكی پرۆسەكە بپارێزن و كارێكی وا نەكەن كە خەڵكی بیانی خاڵی لاواز و ناشایستەمان لەسەر تۆمار بكات . هەروەها داواكارم لێیان كە دوای هەڵبژاردن رازی بن بە ئەنجامەكانی ئەگەر بە دڵیشیان نەبێت و نەبنە هۆكاری ئاژاوە و پشێوی نانەوە چونكە میللەت و مێژوو لە كەس نابورن. بە دڵنیاییشەوە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا خەڵكانێك سەردەكەون و هەندێكیش دەنگی پێویست بەدەست ناهێنن. بەڵام گرنگ ئەوەیە هەموومان بەشدار بین لە سەر خستنی ئەم پرۆسە جوانە و بیكەینە نەریتی داهاتوشمان.
ئیتر بەرەو شایەتیدانی بەحەق لەسەر سندوقەكانی دەنگدان لە ٢١/٩ بە هیوای كوردستانێكی ئارامتر و ئاوەدانتر.
لەگەل رێز وتقدیرم بۆ هەموو لایەك.
براتان
د.بشیر خەلیل حەداد
سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان
19/9/2013
