سامى ئه‌رگۆشى: نێچیرڤان بارزانى قسه‌ى د. ئاشتى هه‌وارمى ڕه‌ت نه‌كردۆته‌وه‌

 سامى ئه‌رگۆشى: نێچیرڤان بارزانى قسه‌ى د. ئاشتى هه‌وارمى ڕه‌ت نه‌كردۆته‌وه‌
له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سامى ئه‌رگۆشى سكرتێرى ڕۆژنامه‌وانیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى د.ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند كه‌ كاتى خۆى به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ناوى پاڵپشتیى میدیاى ئازاد بڕى (30) ملیۆن دۆلارى له‌ پاره‌ى نه‌وت وه‌رگرتووه‌ و دواتر کۆمپانیاى ووشه‌ى پێ دامه‌زراندووه‌، هه‌ندێ له‌ كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن بڵاویان كرده‌وه‌ گوایه‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 18ى ئه‌یلوولى 2013، له‌ لێدوانێكدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئه‌م قسه‌یه‌ى د. ئاشتى هه‌ورامى ڕه‌ت كردۆته‌وه‌!.

له‌ ڕاستیدا ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ هه‌موو ڕاستییه‌كه‌وه‌ دووره‌ و هیچ بنه‌مایه‌كى نییه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و قسه‌یه‌ى به‌ڕێز وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى ڕه‌ت نه‌كردۆته‌وه، به‌ڕێز هه‌ورامى جێى ئه‌وپه‌ڕى متمانه‌ و ڕێزى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، بۆیه‌ نه‌ك هه‌ر قسه‌كه‌ى ڕه‌ت نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پشتڕاستى كردۆته‌وه‌ و گوتوویه‌تى: بێجگه‌ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، بۆ هیچ كه‌ناڵێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یاندن پاره‌ خه‌رج نه‌كراوه‌. واته‌ جگه‌ له‌و پاره‌یه‌ى كه‌ به‌ به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا دراوه‌، هیچ پاره‌یه‌كى دیكه‌ به‌ هیچ كه‌ناڵێكى ڕاگه‌یاندن نه‌دراوه‌. ڤیدیۆكه‌ش هه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك سه‌یرى بكات، زۆر به‌ ئاسانى له‌و ڕاستیه‌ ده‌گات و هه‌ر شتێكى پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌؛ ته‌واو چه‌واشه‌كارییه‌!.
Top