نێچیرڤان بارزانی بەردی بناغەی تونێلی هەیبەت سوڵتان – ى دانا
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەكەدا بەڕێوەبەری كۆمپانیای ستراتۆس ئینتەرناشناڵی ئێرانی خۆشحاڵيی خۆی دەربڕی بۆ وەرگرتنی ئەم كارە گەورەیە و ڕایگەیاند، كە ئێمە ئامانجمانە زیاتر هاوكاريی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بین و ئامانجیشمان تەنیا سوودوەرگرتن نییە لەم پڕۆژەیەدا، بەڵكو دەمانەوێ خزمەتێك بە هەرێم و خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەین. هەروەها ڕایگەیاند، كە ئەوان خاوەن ئەزموونن لەسەر ئەم پڕۆژەیە چ لەناو كۆماری ئیسلامی ئێران چ لە دەرەوەی ئێراندا.
پاشان لە ووتەیەكدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وهزيرانى ههرێمى كوردستان باسی لە گرنگيی پڕۆژەكە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و كرد گوتی: گەلی كوردستان شایستەی خزمەتگوزاریی زیاترە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر شەرەفمەندە بەوەی كە بتوانێت لەم ڕێگەیەوە بەشێكی كەم لەو ناخۆشیانەی كە گەلی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی بینیویانە، كهم بكاتهوه.
سهرۆك وهزيران ههروهها گوتی: ئێستا ماستەرپلانێكمان لەژێر دەستە بۆ ئەوەی بە پشتیوانیی خوا بەپێی ستانداردێكی نێودەوڵەتی بتوانین هەموو ڕێگەوبانەكانی كوردستان پێكەوە ببەستینەوە و بەم كارەشمان كێشەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ كەمب كەینەوە، كە بەداخەوە ڕۆژانە لە دەزگاكانی راگەیاندن گوێبیستی ڕووداوی برینداربوون و لە دەستدانی هاووڵاتییانی خۆشەویست دەبین.
هەر لە وتەیەكەیدا نێچيرڤان بارزانى ئاماژەی بە پەیوەنديی مێژوویی نێوان گەلی كورد و كۆماری ئیسلامی كرد و گوتی: ئەوەی ئێمە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران داوا دەكەین ئەوەیە كە لە ڕۆژانی سەختدا پێكەوە بووین، یارمەتیی ئێمەیان داوە، لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستانیشدا پێویستە جێی دەستیان دیار بێت بە كۆمپانیا بەناوبانگەكانیان.
