ئیتاڵیا كارئاسانی دەكات بۆ دابینكردنی ڤیزا لە هەولێر

ئیتاڵیا كارئاسانی دەكات بۆ دابینكردنی ڤیزا لە هەولێر
18ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كارمێلیۆ فیكارا كونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان كرد .

لە دیدارێكدا باس لە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئیتاڵیا كرا بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و بەشداربوونی ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیاكانی ئەم وڵاتە لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێم و بەشداری كارایان لە پیشانگا نێودەوڵەتیەكان كە لە هەرێمی كوردستان سازدەكرێن.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت دووپاتیكردەوە كە حكومەتی هەرێم سیاسەتێكی كراوەی هەیەو دەخوازێ‌ لەگەڵ وڵاتانی دونیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیوەندیەكی دروستی هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و سوودی دوولایەنە. هاوكات رۆڵی نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیای لە هەرێم بەرز نرخاند بۆ پێشخستنی ئەم پەیوەندیانە.

كونسوڵی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی بە ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا دووپاتكردەوەو گووتی كار دەكەین بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندیەكان لە بوارە جیاجیاكان، هەروا گووتی هەوڵ دەدەین ئاسانكاری زیاتر پێشكەش بكەین لەرووی دابینكردنی ڤیزا بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكانمان.


بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لەم هەنگاوە كرد كە دەبێتە هۆی زیاتر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا، دووپاتیكردەوە ئەم بڕیارە نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخی حكومەتی ئیتاڵیایە.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە چەند پرسێكی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرا، لەوانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و رەوشی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم.
Top