مسرور بارزانی لە دھۆک: سەرەتای دەستپێکردنی پارتی بۆ ئەوە دروست بوو تا بەرگری لە مافی نەتەوەیەک بکات کە ھیوا و ئاواتی خەریک بوو نەمینێ
خوشک و برایانی ھێژا.. ئامادەبووانی قەدر گران.. زۆر بە خێر بێن
زۆر خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ ئەو دەرفەتە ھەیە لە نزیکەوە لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا باسی ھەڵبژاردن بکەین کە دوای ١٠ رۆژی دیکە بەڕێوەدەچێ، بەر لەوەی دەست بە قسەکانیخۆم بکەم، ئەمڕۆ ١١ی ئەیلوولە پێم خۆشە بۆ رێزلێنان لەو شۆڕشە مەزنە ھەموومان بە یەکەوە سەری رێز و نەوازس بۆ ماڵباتی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان بنوێنین، پێی بزانین کە ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بە دەست ھاتووە بەرھەمی خەبات و زەحمەتکێشانی ئەو شەھیدانەیە، ئەو شۆڕشەی ئەو رۆژە نەوەستاوە بەڵکو شێوازی خەباتی ھاتۆتە گۆڕین، ھەر چەندە قوربانی زۆر داوەو کارەساتی زۆر بەسەر میللەتی ئێمەدا ھاتووە بەڵام سوپاس بۆ خودای گەورە بەرھەمی ئەو زەحمەتی و قوربانیدانە ئەمڕۆ کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر و ئاوەدان ھاتۆتە بەرھەم، ئەو ھەڵبژاردنە سەبارەت بە داھاتووی کوردستان ھەڵبژاردنێکی زۆر چارەنووسسازەو جۆری حکومڕانی کوردستان لە دوای ئەو ھەڵبژاردنە دێتە دیاریکردن، ھەرەھا پێویستە کاتێک ئێمە بەرەو سندوقی دەنگدان دەچین ئەوە بە بیر خۆمان بھێنین بەوەی چۆن دەنگی خۆمان بدەین، نەک تەنیا وەک ئەندامێکی پارتی و کادیرێکی پارتی، بەڵکو تێکۆشینیش بکەین و بچینە ناو خەڵک و لەگەڵ جەماوەری خۆمان گفتوگۆ بکەین بەوەی بۆ پێویستە ھەموومان دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین، پارتی بە چەند قۆناغێکی جودا جودا تێپەریوەو سەرەتای دەستپێکردنی پارتی بۆ ئەوە دروست بوو تا بەرگری لە مافی نەتەوەیەک بکات کە ھیوا و ئاواتی خەریک بوو نەمینێ، دوژمنی داگیرکەر کوردستان داگیر کرد بوو و شۆڕشی پێشتر بەرەو شکست و نەمان چوو بوو، ھەروەھا پێویست بوو جارێکی تر حزبێک یان پێکھاتێک لە ھەموو میللەتی کورد بێتە بوون تا داکۆکی لە خاک و وڵاتی خۆی بکات و بەرگری لە مانەوەو پێناسەی میللەتی خۆی بکات، کاتێک پارتی ساڵی ١٩٤٦ دروست بوو بۆ ئەوەی ببێتە بزافێکی جەماوەری ھەموو کوردستان و ئاین و نەتەوەی کوردستان، پارتی نەک بە تەنیا بزووتنەوەیەکی سیاسییە بەڵکو بزافێکی جەماوەریە و ماڵی میللەتێکە و بۆ ئەو میللەتە دروست بووەو لە خزمەت ئەو میللەتەش دەمینێ تا مابێ، قۆناغی دەستپێکردنی پارتی ئەوە بوو کە شەڕی بەرگریکردن و مان و نەمانی میللەتی خۆی بکات، سوپاس بۆ خودا، راستە قوربانییەکی زۆرمان داوە بەڵام بناغەیەک دروست بوو کە بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی کوردستانی و ھەستی نەتەوایەتی زۆر بەرزتر لە پێشتر بێتە بوون میللەتی ئێمە لە ھەموو پارچەکانی کوردستان بە تایبەتیش لە کوردستانی باشوور تێکەڵن، پێشمەرگەی زاخۆ لە شەھید بووەو ھی کەرکووک لە ھەولێر شەھید بوونە، ھەر گوندو ناوچەی ئێمە لە ھەر بیرو باوەڕی ئاینی و نەتەوەی جودا لە ناو ئەو حزب و بزافە ھەیەو لە خەباتی خۆمان بەردەوام بین و ئەو تێکەڵیە بۆ ھەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی لە ناو کوردستاندا لە دیرۆکی ھاوچەرخی کوردستاندا ببێتە نمونەیەک، ئەمە یەکەم بەرھەمی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، دوای ئەوە لە ساڵەھا ساڵە خەباتی ئێمە بەردەوام بووەو راستە گوندی ئێمە وێران کراو دووچاری ئەنفاڵکردن ھاتین و میللەتی ئێمە کیمیابارانکراوەو ھەزاران شەھیدمانداوە، بەڵام سەر بڵندی ئەوەیە ئەو قوربانیانە بۆتە ھۆکاری ئەوەی میللەتی زیاتر باوەڕی بە خۆی ھەبێت و وەک نەتەوەیەک خۆی بناسێنێ. راپەرینی ساڵی ١٩٩١ بەرپا بوو، دوای راپەرین دیسان پارتی دیموکراتی کوردستان رۆڵی سەرەکی بینی لە ئاشتەوایی گشتی و پێکھێنانی ھەموھێزو حزبی کوردستانی و دیسان کیانێک لە سەر دەستی پارتی و دڵسۆزانی کوردستان بێتە دروست بوون و بەرھەمی ئەو دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، ئەو ئیدارەو حکومڕانیەی لە دوای راپەرین دروست بوو بەرھەمی زیاتری بەدەستھێناو ئەویش ئاوەدانیەکی بەردەوام لە کوردستاندا لە کاتێک گەمارۆیەکی گەورە لە سەر عێراق ھەبوو و عێراقیش لەسەر کوردستان ھەبوو، ئاوەدانی بەردەوام بوو نەک تەنیا ئاوەدانی بۆ بنیادنانی خانووو رێگاوبان، بەڵکو ئاوەدانی کەسایەتی مرۆڤی کورد بەردەوام بوو، رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو حکومڕانیەدا رۆڵی کاریگەر ھەبوو بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە، ھەروەھا لە پێشەنگی حکومڕانیدا پارتی توانی کیانی کوردستانی بگەیەنێتە شوێنێک رێز و تەقدیرێکی نێودەوڵەتی دا پەیدا بکات، لە بواری ئابووریدا پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدیھاتووەو لە بواری سیاسیدا کوردستان بۆتە یاریکەرێک ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، بەر ئێستا کورد وەک کارتێک لە دژی خودی خۆی بە کار دەھێنرا لە دەستی داگیرکەری کوردستان، سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ کوردو کوردستان گەیشتۆتە شونێک کە خۆی بۆتە یاریکەر لە دیاریکردنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمەش دەستکەوتێکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە ھەمووی ئەوانە گرنگتر دروستکردنی کەسایەتی مرۆڤی کورد، بە دیتنی من تایبەت لە کاتی ئەنفاڵ و دەربەردەری و ژێردەستیدا ئومێدی ئێمە بەرەو کزی و لە ناوچوون دەچوو، بەڵام دوای ئەوە خەبات خەباتی بەردەوامەو پارتی شتێکی وای کرد باوەڕ بە خۆبوون دروست ببێ و جەنابی سەرۆک بارزانی زۆرجار ئەوە دەبێژێ کە سەبارەت بە ئێمە وەک میللەتی کورد و خەڵکی کوردستان راستە ئێمە خۆمان بە زیاتر لەسەر کەسی تر ھەژمار ناکەین، بەڵام خۆشمان بە کەمتر لە کەسی تر نازانین، ئەو باوەڕیە لە ژێر سەرکردایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی و زەحمەتی و خەباتی پارتیدا دروست بوو، ئێستاش سوپاس بۆ خودا سەقامگیری و ئارامی و ئاوەدانی و ھێمنی لە کوردستان بەردەوامە، ئەگەر ئێمە تەنیا رووی خۆمان بکەینە چەند کیلۆمەترێک لە دواوەی خۆمان بکەین یان روو بکەینە ئەو گۆڕانکارییانەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە ئەوکاتە دەزانین ئەو نیعەمەتەی ئێستا خودای گەورە بە ئێمە لە کوردستان بەخشیوە چەندە زۆرەو چەند پێویستە سوپاسگوزار و قەدری ئەو خۆشی و ئارامییە بزانین کە ھەنووکە لە کوردستاندا ھەیە، خوا نەخواستە کە شارەکانی ئێمەش وەک شارەکانی دیکەی عێراق بوایە ئەوکات دەمانزانی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە کوردستان ھەیە بە چ زەحمەتیەک ھاتۆتەدی و ئەو سەقامگیریەی لە کوردستان ھەیە وا بە ئاسانی نەھاتۆتەدی و خەڵکی زۆر زەحمەتی بینیوەو خۆی بۆ کردۆتە قوربانی، بەردەوامیش ئەو قوربانی دێتەدان بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئاسوودەیی بژی، ئێمە کاتێک دەلێین خەڵکی کوردستان مەبەستمان تەنیا ئەندامی پارتی نییە، بەڵکو ھەموو خەڵکی کوردستان بە ھەموو بیرو باوەڕی خۆی جودای سیاسیی لە ناو ئەوانیشدا ئۆپۆزسیۆن و ئەو خەڵکەی دژی ئەو دەسەڵاتەش کار دەکات لەسایەی ئەو سەقامگیری و ئارامیەدا ئێستا لە کوردستان ھەیە بە ئازادی و بە بێ منەتی لە کوردستاندا دەژی، ئەمەش دەستکەوتی ئەو دڵسۆز و خەباتگێرو قوتابیە کە لەو قوتابخانەیەدا فێر بووە.
بەرنامەی دیکەی پارتی بۆ داھاتوو ئێمە ھێشتا نەگەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی، زۆرجار دووپاتمان لەوە کردۆتەوە کە پارتی بۆ ئەوە دانەمەزراوە بۆ ئەوەی ببێتە ئامانج، دروستبوونی پارتی تا ئەمڕۆ، لە پێکھێنانی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێم تا ئەمڕۆش ھیچ کاتێک سەیری دەسەڵاتی نەکردووە وەک ئامانج، بەم شێوەیە سەیری میللەت، پەرلەمان و حکوومەتی خۆی کردووە وەک ئامرازێک بۆ بەجێھێنانی ئامانج و ئاوات و ھیوایەکانی میللەتی خۆی، ئێمە وەک پارتی بەرەو قۆناغێکی دوور دەچین بەڵام ئەو قۆناغە نزیکەو رووناکەو بە ھەوڵ و پشتیوانی خوای گەورەو پشتیوانی ئێوەو میللەتی خۆمان ئینشالڵا ھەموومان بە یەکەوە بگەینە دوایین قۆناغی خەباتی خۆمان ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە.
ئاوەدانکردنەوەی زیاتر، ئارامی و سەقامگیری زیاتر لە بەرنامەی پارتی دایە، پێکەوەژیان و دادپەوەری کۆمەڵایەتی لە بەرنامەی پارتی دایە، ھەروەھا گەیشت بە ئامانجی کۆتایی لە بەرنامەی پارتی دایە بەڵام پارتی لەوکاتەی دامەزراوە تا ئەمڕۆش لەسەری بەردەوامە، ئێمە ھیوادارین کاتێک بیر لە میللەتی خۆتان دەکەنەوە بیر لە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، تەنیا پارتی بووە لە دیرۆکی خەباتی میللەتی خۆیدا ھەر کاتێک بەھێز بێت حکومڕانی ئیداریی لە کوردستان ھاتۆتە دروستکردن، بەر لەوەی پارتی دروست ببێ یان کاتێک پارتی دووچاری نسکۆ و شکستێک بوو بێت کێ بوون جێی پارتی بگەڕێتەوەو دەسەڵاتێکی کوردی دابمەزرێنێ کەس، لەوە دیارە کە پارتی کاتێک بەھێز بێت کوردستان ئاوەدانەو دەسەڵاتی کوردستان و دەسەڵاتی ئیداریی لە کوردستان دێتە دامەزراندن، ئەمڕۆ یادی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە ئەو شۆڕشە یەکەم حکومی ئیداریی لە مێژووی ھاوچەرخی کوردستان ھاتە دروست بوون ھەر چەندە دەتوانرا زۆر شوێن و شاری دیکەش ئازاد بکات بەڵام بۆ ئەوەی خەڵکی سیڤڵ و بێ گوناە نەبنە قوربانی و دوژمن لەو سەردەمە زۆرجار دەکشانەوە بەڵام ھەندێک ناوچەی ئازادکراو ھێڵدرایەوە بۆ شۆڕش، دوای ئەو سەرھەڵدانە فرەوانییەکی زۆر لەحکومیی ئیداریی کوردستاندا دیسان پارتی نەبوایە ئەوەش دروست نەدەبوو، ئەمە ھەموو ئەو دەستکەوتانەیە کە پارتی بە دەستی ھێناوەو ئەوەندەی تا ئێستا بەدەست ھاتووە زۆر بەرنامەی زیاترمان ماوەو بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجانە ھەنگاو دەھاوێژین و ھەر دەستکەوتێکمان بەدەستھێنا بێت پارتی منەت لەسەر کەس ناکات چونکە خۆی کردویەتی، پارتی حزبێک نییە بەلێندەرایەتی لەگەڵ میللەتی خۆی کرد بێت، بەڵکو پارتی بۆ میللەتی خۆی دروست بووەو بەرھەم و خزمەت و خەبات ئەرکی پارتیە و منەتیش لەسەر میللەتی خۆمان ناکەین، ئێمە خۆمان بە خزمەتکاری میللەت و خەڵکی کوردستان و نەتەوەو ئاین و ئایینزاکان و چین وتوێژە جیاوازەکان دەزانین، چونکە پارتی ماڵی ھەمووانە.
زۆرجاران ھەندێک برادەر پرسیار دەکەن دەلێن ھێرشی زۆر دەکرێتە سەر پارتی ئێوە وەڵام نادەنەوە، زۆر لایەن بە بێ ویژدانی ھێرش دەکەنە سەر پارتی ئێوە بۆچی وەڵام نادەنەوە، جەنابی سەرۆک بارزانی رێنماییداوە بەوەی پارتی خۆی بەشتێک سەرقاڵ نەکات، پارتی ئەرکێکی تری لە شانە ئەویش خزمەتکردنی میللەت و وڵاتی خۆیەتی، ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و پاراستنی ئەو ئەزموون و ئایندەیەکی رووناکترو گەشترە ئەمە خەباتی پارتییە، پارتی وەڵامی ئەوانە ناداتەوە چونکە پارتی بۆ ئەوە دروست نەبووە ھەندێک لەلایەک جودا ببێ یان بزافی رزگاریخوازی کورد جودابوونەوەی تێبکەوێ، پارتی دانەمەزراوە بۆ ئەوەی لەسەر حیسابی میللەتی کورد ئەجیندایی دەرەکی بھێنێتە ئەو وڵاتە، پارتی بۆ ئەوە دروستنەبووە جیاوازی بخاتە ناو ئاین و ئاییزایی لە کوردستانداو بۆ ئەوەی قەدر و رێزی خەڵکی کوردستان نەگرێ، پارتی حزبێکە ھی ئەو میللەتەیە و منەتی کەسیشمان نییە کە دژایەتی پارتی بکات چونکە ئەگەر مەبەستێکیان ھەبوایە لە پارتی باشتر بوایە باسی مەبەستی خۆیان دەکردو ھەوڵی نەدەدا لە سەر حیسابی خەڵکی دیکە خۆی بەھێز بکات.
ئێمە باسی خەڵکی ناکەین چونکە شەرم ناکەین کە باسی مێژووی خۆمان بکەین، ھیچ شتێک نییە لە ناو مێژووی پارتی شەرمی لێبکەین و ئێمە سەر بەرزین بە مێژوو و خەبات و قوربانی خۆمان، سەر بەرزی و بێ منەتی باسی ئەو خەبات و مێژووە دەکەین، بەڵام ئەگەر کەسێک شەرم بکات باسی مێژووی خۆی بکات و ئینکاری مێژووی خۆی بکات ئەمڕۆ چ دەلێن دەچێتە دەرەوەو تەنیا ھەوڵی ئالۆزی و گێرەشێوێنی دەکات، ئێمە کە دروستبووین کاتێک کوردستان داگیر کرا بوو و کاتێک زوڵم و تەحەدا لەدژی ئەو میللەتە ئەنجام دەدرا، پارتی دروست بوو بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی ئەو میللەتە بکات و پارتی نەھاتۆتە سەر سفرەیەکی حازر لەدوای راپەرین، کاتێک ئێوە وخوشک و برای ئێوە زەحمەت کێشاوەو بەرگری و شەرعیەت لەو میللەت و وڵاتە کردووە دەرگا دەرگا لە ماڵی ئێوە بگەڕێن و بڵێن وەرن لەگەل ئێمە بن چونکە ئێمە بەدیلی پارتینە، ئەگەر ئەوان شتێکی باشتریان ھەبوایە با ئەمڕۆ باسی دەستکەوتی خۆیان بکرد بوایە، ئێمە باسی دەستکەوتی خۆمان دەکەین و سەر فرازین و بە کردەوە دەیسلەمێنین کە چیمان کردووە و بەرنامەی ئێمەش بۆ داھاتوو چییە، ئەگەر خەڵکێک رابردووی نەبێت و گلەیی لێنەکەن باسی رابردووی خۆی بکات و ئەگەر خەڵکێش شەرمی لە رابردووی بکات دیسان گلەیی لێنەکەن بۆ باسی رابردووی خۆی ناکات، باوەڕ بکەن پارتی بووە سەرچاوەی ژیان نەک تەنیا بۆ دۆست خۆی، بەڵکو بۆ نەیاری خۆیشی، لە شۆڕشی ئەیلوول دا کەسێک ھەبوو وتی زۆر جار دوعای دەکردو دەیوت یارەبی خودایە مەلا مستەفا بمینێ بەس لە زۆزسک و ھیندرێن نێتە خوارێ، چونکی راستە بارزانی نەمر رەمز و سمبوڵی میللەتێکە، بەڵام لە ھەمان کاتدا نا حەزی میللەتی کوردیش لەبەر خەمی بوونی بارزانی و پارتی خاوەنی ناحەزانی پارتی دەکرد تا دژایەتی بارزانی بکات، ئەمڕۆش ئەو ئۆپۆزسیۆن و ئەو خەڵکەی کە دژایەتی پارتی دەکات دەبێ باش بزانێ و دەبێ دوعا بکات بڵێ تا دنیا مابێت پارتی مابێ بۆ ئەوەی ھەر دژایەتی بکات.
خوشک و برایانی ھێژا..
کاتێک دەچنە سەر سندوقی دەنگدان یەک شت بزانن دەنگ تەنیا بۆ کاندیدانی خۆشەویست نییە کە لێرە ئامادەن راستە خوشک و براو ئازیزی ئێمەن و نموونەیەکن لەو قوتابیانەی ئەو قوتابخانەیەی کە بە ھەزارەھا خەڵکی بە توانا پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر ئەرکێکیان پێبسپێردرێ بەڕێوەببەن، وەک نموونەیەک ئێستا بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە شان بچن نوێنەرایەتی ئێوە بکەن لە پەرلەماندا بەرگری لە ماف و شەرعیەی لەو وڵاتەدا بکەن و داخوازیی ئێوە جێبەجێ بکەن، ئێوە کاتێک دەنگ بەوانە دەدەن دەنگ دەدەنە ئایندەی وڵاتی خۆتان، بیری ئەوە بکەنەوە ئەو کەسانەی ئێوە دەرنەچن و خەڵکی تر دەربچن نەک بە تەنیا مەسەلەی خزمەتگوزاری و مەسەلە لە پارێزگاری لەو شەرعیەت و ئاوەدانی و ئەمنیەتدا، بەڵکو بیر لەوە بکەنەوە کە بوونی ئەو کیانەو گرێدانی ئەوە پێویستە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان سەر بکەوێت، دەنگ بدەنە ئایندە، ئازادی، ئارامی و دەنگ بدەنە رێگاخۆش کردن بۆ سەربەخۆیی وڵاتی خۆتان، لەبەر ئەو ھەڤاڵانە و ھیوادارم دەنگیان پێ بدەین ھیواو ئاواتی ئێوەو ئاواتی جەنابی سەرۆکیش ئینشالڵا بەجێبگەیەنین، ھیوای من ئەوەیە کاتێک دەچنە سەر سندوقی دەنگدان با لە خۆبایی بوون و بێ منەتی بە ئێمە دیار نەبێت، ئێمە ھەموومان بچین دەنگ بدەین و ئەو کەسەی پێمان دەکرێ لە گەڵ خۆمان ببەین و باوەڕی پێ بینین چونکە ئەو وڵاتە بە تەنیا ھی پارتی نییە، راستە ئێمە پشکی شێرمان بەر دەکەوێ و خۆمان بە خاوەنی ئەو وڵاتە دەزانین و پێویستە ھەر یەکێک لە ئێمەمانان خۆی بە خاوەنی ئەو وڵاتە بزانێ بەڵام خەڵکی تریش ھەیە، پێویستە بۆ پاراستنی ئەو خەڵکەش ھەوڵ بدەین پارتی سەر بکەوێ و دەستی فتنەو دەستی خراپکاری و دووبەرەکی نێتە ناو کوردستان، کاتێک ئێمە دەچین دەنگی خۆمان دەدەین پێویستە ھەموومان بچین چونکە داھاتووی ئەم وڵاتە داھاتووی ھەموومانەو بۆ ئەو کەسانەی تا ئەمڕۆش باوەڕی بە پارتی نییە، سبەی باوەڕی پێ بھێنێ و راستە سەر کێشی بزافی رزگاریخوازی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستانە، پێویستە ئێمە باوەڕ بە خوشک و برای خۆمان بھێنین کە ئەو ئاوەدانیەی لە کوردستان ھەیە زیاتر دەبێ و دادپەوەری کۆمەڵایەتی ئەگەر کەموکوڕیشی تێیدا ھەبێت دێتە چارەسەرکردن، بەڵام پێویستە ئێمەو وڵاتی ئێمە ھەبێت، پێویستە میللەتی ئێمە ئازاد و سەر فراز بێت بۆ ئەوەی کەمتەرخەمییەی ھەیە بێتە چارەسەرکردن، ئێمە شەرم ناکەین ئەگەر ھەڵە و کەموکوڕی ھەبێت دان بە ھەڵە و کەموموڕی خۆمان بنێنین، شەرمیش ناکەین بڵێین شتێک نەزانین حازرین خۆمان فێر بکەین، ئێمە لەسەر حیسابی ھەڵەی خەڵکی تر ناژین بەڵکو خەڵکی تر زۆرجار لەسەر حیسابی ھەڵەی ئێمە دەژی، باوەڕ بکەن ئەو منافسی پارتی ھیچ شتێکی لە پارتی باشتر پێ نییە و بەڵام زۆرجار بەڵکو ھەڵە لای ئێمە ئەنجام درا بێت بوو بێتە ھۆی ئەوەی ھەندێک خەڵکێک رووی لە لایەنی تر بکات، ھیوای من ئەوەیە لەو ھەڵبژاردنەو دوای ھەڵبژاردنیش ئێمە وەک پارتی بە خۆماندا بچینەوەو ئەگەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمیش ھەبێت نەھێلێین و پارتی بگەیەنینە ئەو پێگەیەی کە لە ئاستی زەحمەت و خەباتی پارتی دایە، پارتی حزبی ئەو میللەتەو بەدەستی کەسیش دروست نەبووەو لە ھیچ لایەکیش نەھاتووە بەڵکو لەژێر دەستی ئەو میللەتە دروست بووەو لە خزمەتی ئێوەش دادەبێت و ئینشالڵا ھەتا ئەو میللەتەش مابێ پارتی سەر دەکەوێ، سەرکەوتنی ئەو بزاف و بزووتنەوەی ئەو کاروانەی خەباتە، ئارەزوو ناکەم زۆر لە کاتی ئێوە بگرم، بەڵام پێم خۆش بوو لە جارێکی نزیکدا باسی ئەوە بکەین کە چەندە گرنگە ئێمە بە یەکەوە بچینە ھەڵبژاردن و بۆ پارتی ھەڵبژێرین، ئێمە ھۆکارەکانشمان دیاریکرد چونکە پارتی ئاشتی وڵاتی ئێمەیەو پارتی زامنی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی ئێمەیە، پارتی زامنی گەیشتن بە ئامانجی داھاتووی ئێمە، خوشک و برای ئێمە ھیوای من ئەوەیە شتێک لە بیر نەکەن ئەو برادەرو بەرپرسان دەدەنە ئێوەو ئێوەش بگەیەننە جەماوەری کوردستان و وا تێیان بگەیەنن و ئەو رێنماییانە باش جێبەجێ بکەن، چونکە رەنگە بەرنامەی زۆر ھەبێت ھەوڵ بدەن بە تایبەتیش پارتی شکست پێبھێنن و دەنگی پارتی کەم بکەن، زۆر زۆر وریا بن و تەحداش بێت بۆ ئەو پیلانانەی دژی پارتی دێتە گێران و دوای ١٠ رۆژی تر رۆژی ھەڵبژاردندا بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بۆ دۆست و دوژمانیش بیسلەمێنین کە سەرکەوتوو ترین لیست لەو ھەڵبژاردنە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانە، من زۆر منەتبارم و زۆر زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم، ئینشالڵا دوای ھەڵبژاردنیش ئێمە بە یەک شاد دەبینەوەو ئاھەنگی سەرکەوتنی پارتی دەگێرین.
