حزبی سیاسی وه‌ك ئاسته‌نگێگ بۆ ده‌وڵه‌ت و په‌كخستنی دیموكراتی
August 31, 2016
وتار و بیروڕا
فرانسیس فۆكۆیاما كه دووبه‌رگی كتێبه تازه‌كانی له 2011 و 2014 به ناونیشانی: (بنه‌چه‌ی سیستمی سیاسی و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی سیاسی) بۆ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌كردنی ئه‌م كێشه‌یه نووسیوه، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه ده‌سته‌بژێری ناو حزبه سیاسییه‌كان له‌ناو پرۆسه‌ی دیموكراتی ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتووی رۆژئاوا و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تانی تازه پێگه‌یشتووش، چه‌مكی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخیان گۆڕیوه بۆ ده‌وڵه‌تی ده‌سته‌بژێری حزبه‌كان و گروپه‌كانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره، بۆیه كاتێك ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی به‌هێز، بوونی نه‌بوو، ئه‌وا دیموكراتی له پیاده‌كردنی ئه‌ركه‌كانی و وه‌ك سیستمێك بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه شكست ده‌هێنێت. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نییه كه هۆكاری سه‌رنه‌كه‌وتنی دیموكراتی ئه‌وه‌یه كه له وڵاته‌كه‌دا هه‌ڵبژاردنی ئازاد و پاك بوونی نییه، یان فره‌حزبی و ئازادی بیروڕای سیاسی بوونی نییه، به‌ڵكو هۆكاری سه‌ره‌كی شكستی دیموكراتی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌هێزی هاوچه‌رخ بوونی نییه.
فۆكۆیاما بۆ شرۆڤه‌ی چه‌مكی ده‌وڵه‌تی به‌هێز، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنه‌چه‌ی سیستمی سیاسی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، بۆ ئه‌مه‌ش بنه‌مای ده‌وڵه‌ت كه توانای هه‌بێت خاكه‌كه‌ی بپارێزیت، ده‌گێڕێته‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی چین، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ده‌وڵه‌تی چین له ماوه‌ی 2000ساڵی رابردوودا یه‌كه‌مین نموونه‌ی ده‌وڵه‌ت بووه كه توانیویه‌تی هێز به‌رهه‌م بهێنێت و هێزیش به‌كاربهێنێت بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه بۆ پاراستنی خاكه‌كه‌ی، بۆیه ده‌كرێت ده‌وڵه‌تی چین وه‌ك بونیادی یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی به‌هێز له جیهاندا پێناسه بكرێت، به‌ڵام جیاوازی نێوان ده‌وڵه‌تی به‌هێز و ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی به‌هێز ئه‌وه‌یه، له ده‌وڵه‌تی به‌هێزی ته‌قلیدا هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك نییه كه به‌كارهێنانی هێز له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه سنووردار بكات، به‌ڵام له‌ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی به‌هێزدا سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی ده‌بێت ره‌چاو بكرێن كه بریتین له:
- له ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی به‌هیزدا، ده‌وڵه‌ت توانای به‌رهه‌مهێنانی هێز و شه‌رعییه‌تی به‌كارهێنانی هێزی هه‌یه بۆ پاراستنی خاكه‌كه‌ی له ده‌ستدرێژی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی.
- له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا دامه‌زراوه‌ی سه‌روه‌ریی یاسا بوونی هه‌یه و شه‌رعییه‌تی به‌كارهێنانی هێز له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه سنووردار ده‌كات.
- له ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی به‌هێزدا به‌رپرسیاریه‌تی دیموكراتی هه‌یه، ئه‌مه‌ش به مانای بوونی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و پاك، فره‌حزبی، ئازادیی بیروڕای سیاسی له چوارچێوه‌ی یاساكانی ده‌وڵه‌تدا.
له‌م جۆره ده‌وڵه‌ته‌دا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی تێكه‌ڵاوی یه‌كتری ناكرێت، بۆیه ئه‌و حزبانه‌شی كه به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و ململانێی سیاسی ده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تیكه‌ڵاوی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سی خۆیان ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌م حزبه سیاسییه‌كان له ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تیكردنی ده‌نگده‌ره‌كانیان سه‌ركه‌توو بن، هه‌میش دیموكراتیش له پیاده‌كردنی ئه‌ركه‌كانی سه‌ركه‌توو بێت و ئه‌و حكومه‌ته دیموكراتیه‌شی له ئاكامی ئه‌م پرۆسه‌یه دێته‌ئاراوه ده‌توانێت خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان بۆ كۆمه‌ڵگه دابین بكات و توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌شی ده‌بێت. به‌ڵام كاتێك حزبه سیاسییه‌كان و گروپی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌وره، ناوه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وا دیموكراتی شكست ده‌هێنێت، هه‌روه‌ك چۆن ئێستا دیموكراتی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا له‌ناو ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ژی.
سه‌باره‌ت به به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ، فۆكۆیاما ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه‌ی كه ماكس ڤایبه‌ر بۆ ده‌وڵه‌تی كه‌سی ( Personal state) له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی خه‌ڵك ( Impersonal State) كردوویه‌تی، دیاره له ده‌وڵه‌تی كه‌سیدا، پادشا خۆی به خاوه‌نی ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌زانێت، ئه‌مه‌ش له زانستی سیاسه‌تدا پێی ده‌گوترێت: ده‌وڵه‌تی په‌تریمۆنیاڵ(patrimonial state)، كه تیایدا جیاكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت بوونی نییه، بۆیه زۆر ئاسایی بووه پادشایه‌ك شارێك بكاته دیاری كچه‌كه‌ی له ئاهه‌نگی بووكێنییه‌كه‌یدا، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی كه‌سی بوونی نه‌ماوه و ده‌وڵه‌تی خه‌ڵك بووه مۆدیل، ئیدی كه‌س زاتی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه بڵێت: خۆم خاوه‌نی ده‌وڵه‌تم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات و وه‌رچه‌رخانی دیدگای ده‌سته‌بژێری حزبه سیاسییه‌كان بۆ گه‌نده‌ڵی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون، ئه‌م ده‌سته‌بژێره ده‌وڵه‌تیان وه‌ك ئامێرێك بۆ مه‌به‌سته سیاسییه‌كانی خۆیان به‌كار هێناوه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌بری ئه‌وه‌ی ته‌نها یه‌ك كه‌س خۆی بكاته خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت، ده‌سته‌بژێرێكی سیاسیی ناو حزبه‌كان ده‌بنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تیش ده‌بێته وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواستی حزبه سیاسییه‌كان و ئه‌و گروپانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی بووه، كه لینكی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ حزبه‌كاندا هه‌یه، له‌مه‌ش زیاتر په‌رله‌مانتاران له ژێركاریگه‌ری حزبه‌كانیان و لۆبی گروپی به‌رژه‌وه‌ندی، ئه‌وه‌نده‌ی یاسا بۆ حزب و به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌كان ده‌رده‌كه‌ن، هینده وه‌ڵامی خواستی خه‌ڵك ناده‌نه‌وه، ئه‌م جۆره تازه‌یه‌ی ده‌وڵه‌ت زانایانی بورای سیاسه‌ت ناویان لێناوه ده‌وڵه‌تی ده‌سته‌بژێری تازه(patrimonial state (new، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر پێشتر له‌ده‌وڵه‌تی كه‌سیدا ، ده‌وڵه‌ت بریتی بووبێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ك تاكه‌كه‌س، ئه‌وا له‌ده‌وڵه‌تی ده‌سته‌بژیری تازه‌دا، ده‌وڵه‌ت بریتییه له به‌رژه‌وه‌ندی حزبه سیاسییه‌كان و گروپه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه چیدیكه دیموكراتی وه‌ك سیستمێك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی خه‌ڵك نه‌توانێت ئه‌ركه‌كانی پیاده بكات و ده‌بێت به ئامێرێك به‌ده‌ستی حزبه سیاسییه‌كانه‌وه.

فه‌رهاد محه‌مه‌د