لایەنە تاریكەكەی دەرزیی دابەزاندنی كێش
هەموومان ناوبانگی ئەو دەرمانە نوێیەمان بیستووە بە ناوی ئۆزێمپیك Ozempic كە هەواڵ و سۆشیال میدیای پڕ كردووە. ئۆزێمپیك بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو بەكار دێت، بەڵام بە شێوەیەكی نا فەرمی وەكو چارەسەرێكی یاریدەدەر بۆ دابەزاندنی كێشی لەش سوودی لێ وەردەگیرێت. سیماگلوتاید Semaglutide پێكهاتەی سەرەكیی دەرزیی ئۆزێمپیكە كە هاندەرە بۆ كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و درێژكردنەوەی ماوەی هەستكردن بە تێربوون. ڕاستە كە دابەزاندنی كێشی لەش بە شێوەیەكی ئاسان خەونی هەموو ئەو كەسانەیە كە بە دەست زیادبوونی كێش و قەڵەوییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی ئافرەتان، بەڵام پێویستە كە بە هەموو لایەنە نێگەتیڤەكانی ئۆزێمپیك ئاشنا بین، كە بریتین لە: دابەزینی كێش كاتی دەبێت و پاش وازهێنان دووبارە كێش زیاد دەكاتەوە، هەروەها هێڵنج، ڕشانەوە، سكچوون، قەبزی، سك ئێشە، سووتانەوەی گەدە یان دڵەكزێ، كۆبوونەوەی گاز لە ڕێڕەوەكانی هەرسدا، هەستكردن بە ماندووبوون، هەوكردنی گلاندی پەنكریاس، گرفت لە گورچیلە و كیسی زراودا، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی گلاندی دەرەقی.
