لە 16ى ئۆكتۆبه‌ر بۆ 16ى نيسان

لە 16ى ئۆكتۆبه‌ر بۆ 16ى نيسان


مێژووی سیاسیی گەلان هەمیشە گەواهیدەری وەرچەرخانی توندە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو جەستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگوزەرێت، تەنها وەرچەرخان نییە، بەڵکو "ئینقیلابێکی سپی" و هەڵگەڕانەوەیەکی ڕادیکاڵانەیە لەو بنەما نەتەوەیی و ستراتیژییانەی کە خوالێخۆشبوو مام جەلال، تەمەن و ناسنامەی سیاسیی خۆی بۆ تەرخان کرد. مام جەلال، کە وەک ئەندازیاری هاوسەنگییەکان دەناسرا، بەو پەڕی بڕوابەخۆبوونەوە لە بەغدا و لەبەردەم نەیارانی کورددا هاواری دەکرد: "کەرکوک قودسی کوردستانە"، و لە ناو ئاپۆرای جەماوەریی شارەکەدا بەڵێنی دەدا کە: "هەتا کوردێک لە کەرکوک مابێت، کەرکوک هەر کوردستانە". بەڵام ئەمڕۆ، میراتگرانی ئەو، کەرکوک و شکۆی ناسنامەکەیان کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی کاتی و ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکان، بە جۆرێک کە ئاسۆکانی کوردستانیبوونی کەرکوک لە هەموو کاتێک تەڵختر دیارن.
١٦ی ئۆکتۆبەر: خەنجەری یەکەم و سەودایەکی ناتەواو
کارەساتەکە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە وەک برینێکی قووڵ دەستی پێکرد؛ ئەو ڕۆژەی مێژوو وەک "پەڵەیەکی ڕەش" لە یادەوەریی نەتەوەیی کورددا تۆماری کرد. بافڵ تاڵەبانی و گرووپەکەی، لە بری پاراستنی سەنگەرەکان و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان، دەرگای قودسەکەی کوردستانیان بۆ هێزە عێراقییەکان واڵا کرد. ئەو کەرکوکەی مام جەلال دەیگوت "هێڵی سوورە"، لە یەک شەوی تەمومژاویدا کرا بە قوربانیی ئەجێندایەک کە ئەنجامەکەی تەنها ئاوارەبوونی هەزاران خێزان نەبوو، بەڵکو گەڕانەوەی فەرمیی "تەعریب" بوو بۆ ناو دڵی کوردستان، کە تا ئێستاش باجەکەی دەدەین.


( https://www.facebook.com/reel/1934690003227703 )
١٦ی نیسان: لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ خیانەتێکی درێژخایەن
ئەمڕۆ کە لە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٦دا وەستاوین، دەبینین ئەو زنجیرە هەڵگەڕانەوەیە نەک هەر نەوەستاوە، بەڵکو ڕەهەندی مەترسیدارتری وەرگرتووە. لەم ماوەیەدا، بافڵ تاڵەبانی تەنها سەنگەری کەرکوکی چۆڵ نەکرد، بەڵکو تەواوی قورسایی سیاسیی یەکێتی لە بەغدا گۆڕی بۆ ئامرازێک لە ناو ئەجێندایەکی ئیقلیمیدا کە ئامانجی یەکەم و کۆتایی، لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
ئەگەر مام جەلال سیاسەتی "چەپکە گوڵ"ەکەی بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بەکارهێنابێت، ئەوا بافڵ تاڵەبانی ستراتیژی "تەبایی لەگەڵ نەیار و ململانێ لەگەڵ برا"ی کردووەتە پیشە. لە کاتێکدا کەرکوک لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکدەنگیی کورد هەبوو بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکان، سلێمانی کرا بە مەیدانی ڕێککەوتنە تاقمییەکان؛ ئەو ڕێککەوتنانەی کە تێیدا خاکی نیشتمان وەک "کارتی فشار" دژی لایەنە کوردییەکانی تر بەکاردەهێنرێت.
( https://www.facebook.com/reel/1366320448890105 )
کۆتایی میراتەکە: کۆشکی سەلام لە بەرامبەر خاکی کەرکوک
ئەو ڕێگەیەی بافڵ تاڵەبانی گرتوویەتە بەر، ڕێگەیەکە کە هەموو ڕۆژێک زیاتر لە میراتی "کەرکوک کوردستانە"ی مام جەلال دوورمان دەخاتەوە. بێدەنگی بەرامبەر شاڵاوەکانی تەعریب لە ناوچە دابڕاوەکان، هاوئاهەنگیی ژێربەژێر لەگەڵ ئەو هێزانەی دژایەتیی قەوارەی هەرێم دەکەن، و فەرامۆشکردنی دۆزی نەتەوەیی، بەڵگەی ئەوەن کە بۆ ئەم تاقمە، وەرگرتنی "کۆشکی سەلام" و پاراستنی هەژموونی شەخسی، زۆر لە خاکی کەرکوک و کەرامەتی نەتەوەیی گرنگترە.
مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات؛ ئەگەر مام جەلال وەک پارێزەری کەرکوک و یەکڕیزیی کورد لە لاپەڕە گەشەکاندا بمێنێتەوە، ئەوا بافڵ تاڵەبانی وەک ئەندازیاری پارچەپارچەکردنی ناوماڵی کورد و گەڕاندنەوەی سوپا بۆ سەر خاکی پیرۆزی کەرکوک دەناسرێت. لە نێوان ١٦ی ئۆکتۆبەر و ١٦ی نیساندا، تەنها یەک ڕاستی هەیە: ئەویش قووڵبوونەوەی ئەو خەنجەرەیە کە میراتگرەکان لە جەستەی میراتەکەی مام جەلال و خاکی نیشتمانیان داوە.
سەنار شێرۆکی
١٦ / ٤ / ٢٠٢٦

Top